کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان پیرۆزبایی لە حیزبی دێموکرات کرد

11:46 - 5 گەلاوێژ 2720

پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بۆ/ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێز

سڵاوێکی گەرم...

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٧٥ ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ڕێزەوە لە ئاست ئەم بزاوتە نیشتمانی و نەتەوەییە ڕادەوەستین و دەینرخێنین و سەری خۆمان لە بەرامبەر بە تەواوی قوربانییەکانی ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمان دادەنوێنین کە بە درێژایی ئەم میژووە پڕ لە گیانفیداییە لەپێناو مافە ڕەواکانی خەڵکی ستەمدیدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخشیویانە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساتەوەختێکی مێژوویی و پڕ لە شانازیدا و لە سایەی کۆماری کوردستاندا دامەزرا کە بۆ ئەو کاتە دەستکەوتێکی گرنگ بوو بۆ ڕێکخستنی چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵک و خڕکردنەوەیان لە چوارچێوەی حیزبێکی پێشکەوتووخوازی پێشڕەودا، لە هەمان کاتدا ئومێد و چرایەکی پڕشنگداریش بوو بۆ تەواوی پارچەکانی‌ ‌تر بەتایبەتیش بۆ باشووری کوردستان.

هەرچەندە کۆمارە ساواکە بەزوویی لەناو برا، بەڵام ئاوات و ئامانجەکەی لە ڕێگای پارتە پێشڕەوەکەتانەوە بەردەوامیی پێدرا و کاروانی پڕ لە سەروەری و پاراستنی شوناسی گەل و داکۆکیکردن لە خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و بەگژداچوونەوەی داگیرکاری و دوژمنکاری درێژەی کێشا. کورد وەک گەلێکی داگیرکراو و بێبەشکراو لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی بەردەوام لەلایەن داگیرکەرانی تورک و فارس وعەرەبەوە کە لە لووتکەی دەسەڵات بوونە هەوڵی لەناوبردنی دراوە و خواستراوە لە بۆتەی شۆڤێنی ئەواندا بتوێنرێتەوە، هێندەی پێیان کراوە سیاسەتی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژییان لەسەر کورد ئەنجام داوە، هەر کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و جێ‌ پێیان لەق بووە، هەوڵیان داوە بزووتنەوەی کوردایەتی بە بەڵێنی بێ کردار و کوشتنی کات هەڵبخەڵەتێنن. مێژووی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و پارتی دێموکراتی کوردستان لە باشوور لێوان لێوە لە هەوراز و نشێو لە دیالۆگ و گفتوگۆ، پێویستە ئەم ئەزموونە قووڵ و زەنگینە پەزمەندە بکرێت و بە شێوەیەکی حەکیمانە و بە سەلیقەیەکی وردەوە بخرێتە خزمەت دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

پێمان وایە خەباتی چەکداری ئامرازێکی ناچارییە و بۆ خۆپارێزی و داکۆکیکردن لە مانەوە کورد و بزاڤە ڕزگاریخوازەکەی پەنای بۆ بردووە، دەبێ داگیرکەرانی کوردستان لەوە تێبگەن کە ناتوانن گەلی کورد و نیشتمانەکەی بە هێز و بە زەبر و توندوتیژی لەناو بەرن و هەر هیچ نەبێ مێژووی نزیکی ئەم سەد ساڵەی ڕابردوو وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر بهێننە بەرچاو.

بۆیە دەوڵەتەکانی ناوچەکە دەبێ لەم حەقیقەت و واقعە مێژووییە تێبگەن، ئەگەر بیانهەوێت گەلانی ناوچەکە و دەوڵەتەکانیان ئارام و سەقامگیر بێت، پێویستە دان بە مافی خەڵکی کوردستاندا بنێن و کۆتایی بە سیاسەتی داگیرکەری و قڕکردن بهێنن، زەمینەی ئاشتی و پێکەوە ژیان و خۆگونجاندن لە ڕێگای دێموکراسی و یەکتر قەبووڵکردن بهێننە ئاراوە.

ئێمە لە پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستانەوە وێڕای پیرۆزبایی گەرممان بۆ یادی دامەزراندنی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خوازیارین ئەم بۆنەیە بکرێتە هاندەرێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و کۆسپ و تەگەرانەی کە هاتوونەتە پێش و ڕێگرن لە زیاتر بەرەو ڕێکخستن و یەکگرتنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئومێدەوارین هەماهەنگی و هاوکاری و کاری هاوبەش لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی هاوبەشدا لە نێوان حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵات زیاتر بەرەو پێش بچێت و هەر کار و ئەرکێکیش بە ئێمە بکرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان، بێگومان درێغیی لێناکەین.

هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن

لەگەڵ ڕێزماندا

پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان

مەکتەبی سیاسی

١٢ی ژووئیەی ٢٠٢٠