کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای "سنە" لە بواری تووفەرەنگییەوە پلەی یەکەمی لە ئاستی کوردستان و ئێراندا هەیە

12:20 - 1 پووشپەڕ 2722

پارێزگای "سنە" بە بەرهەمهێنانی ٨٠ لەسەدی تووفەرەنگیی ئێران، پلەی یەکەمی لە ئاستی کوردستان و ئێراندا هەیە.

لە حالێکدا ئەو پارێزگایە جەمسەری بەرهەمهێنانی تووفەرەنگی لە کوردستان و ئێراندایە کە بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی پشتیوانیی بەرپرسان لە وەرزێڕان، نەبوونی کارخانە، ساردخانە، پیشەی گۆڕان، بازاڕی فرۆشتن و هەناردەکردنی، ماندووبوون و سوودی بەرهەمەکانی ئەو چینە دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانەوە.

نزیک ٦٠ ساڵ پێش بۆ یەکەم جار تووفەرەنگی هێنراوەتە پارێزگای "سنە" و ئەمڕۆ لە دوای شەش دەیە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە تووە لە کوردستان و ئێران گەیشتووەتە ٨٠ لەسەد.

بە وتەی "زاهید حاجی میرزایی" بەڕێوەبەری باخەوانیی ڕێکخراوی جەهادی کشاوەرزیی ئەو پارێزگایە، ئەمساڵ ٣٠ هەزار و ٤٠٠ هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکان تووفەرەنگییان لێ بەرهەم هێنراوە.

هەروەها هەر ساڵ ٢٠٠ هێکتار بۆ بەرهەمهێنانی تووفەرەنگی بە زەوییەکانەوە زیاد دەکرێت، ئەمساڵ ٥٠ هەزار تۆن توو بەرهەم هاتووە کە بە شێوەی نێوەنجی لە هەر هێکتار زەویدا ١٤ تا ١٦ تۆن بەرهەم دەهێنرێت.