کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای ورمێ لە دۆخی مەترسیداری کۆرۆنا دایە

17:02 - 13 خەرمانان 2721

ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا لە پارێزگای ورمێ دۆخێکی مەترسیداری پێک هێناوە هەتا ئاستێک کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ کەس بە نەخۆشیی کۆرۆنا گیانییان لە دەست داوە.

ڕێژەی تووشبووان بەو بەخۆشییە بە ڕادەیەک زۆرە کە نەخۆشخانەکان ناتوانن کەس وەرگرن و ڕەوانەی ماڵیان دەکەنەوە.

لە شاری ورمێ دۆخەکە بە شێوازێکە کە نەخۆشخانەکان لە وەرگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا خۆیان دەبوێرن، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

هاووڵاتییان وتوویانە سەرەڕای تەختی خاڵی، تووشبووان بەو نەخۆشییە لە حەساری نەخۆشخانە ڕاوەستاون هەتا چارەیەکییان بۆ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە هەڕەشەیان لە ئاواڵی نەخۆشەکان کردووە.

هەروەها هاوڵاتییان باسیان لەوە کردووە دەرمان وەدست ناکەوێت و پزیشکەکان دەرمانێک بۆ نەخۆشان دادەنێن کە هیچ پێوەندییەکی بە نەخۆشیی کۆرۆناوە نییە .

لە ئێستادا هەموو شارەکانی پارێزگای ورمێ لە دۆخی سوور کۆرۆنا دان و هەر ڕۆژە ڕێژەی تووشبووان زیاتر دەبێت، بە شێوەیەک کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا نزیک هەزار و ٥٠٠ کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە.