کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەرانی کورد بە زمانی دایکی سوێندیان خوارد

17:19 - 9 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆژی زمانی دایکی، بە زمانی کوردی سوێندی یاسایییان خوارد.

لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پارێزەرانی نوێی شاری سنە، ٣٠ پارێزەری خەڵکی ئەم شارە، بۆ یەکەمجار سوێندی یاسایییان بە زمانی کوردی خوارد، کە خزمەتی هاووڵاتییان بکەن، ئەم سوێندخواردنە بە زمانی کوردی لە کاتێکدایە، کە سوێندخواردنی پارێزەران لە ئێران و کوردستاندا تا ئەمڕۆ بە زمانی فارسی بووە.

سوێندخواردنی ئەم پارێزەرانە هاوکات بووە، لەگەڵ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و وەک ڕێزگرتنێک بۆ زمانی کوردی لە لایەن ئەو پارێزەرانەوە بەڕێوە چووە.

لە ماوەی ڕابردوودا، بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵێک کۆڕ و کۆبوونەوە و سێمیناری زانستی بە بۆنەی ئەو ڕۆژەوە بەڕێوە چوو و خەڵک بە گەرمی بەرەوپیری ئەو ڕۆژەوە ڕۆیشتن.

ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە، لە لایەن ڕێکخراوی یۆنێسکۆوە بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ناسێندرا، خەڵکی کورد وەکوو نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە خاوەن زمان و کولتوور و نەخشەی جوغرافیایین بە ڕێزگرتن لە زمانی کوردی، لەم ڕۆژەدا داوای مافی قسەکردن بە زمانی دایکی لە کیانێکی سیاسی سەربەخۆدا دەکەن.