کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسدارەکانی ڕێژیم سەردانی ناوچە سنوورییەکان دەکەن

11:15 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: پاش سەردانە یەک لە دوای یەکەکانی پاسدارەکانی ڕێژیم بۆ ناوچه سنوورییەکان، ئەمجارە جێگری عەمەلیاتی زەمینیی سپای پاسداران، سەردانی مۆڵگە عەمەلیاتییەکانی ڕێژیمی لە مەریوان کرد.

هەواڵدەریی سپای بەیتولموقەددەس، ڕایگەیاندووە کە "مەجید ئەرجومەندی‌فەر"، جێگری عەمەلیاتی زەمینی و پاسدار "محەممەدحوسێن ڕەجەبی"،  فەرماندەی قەرارگای شارامفەری سنه، سەردانی مۆڵگە عەمەلیاتییەکانیان لە شاری مەریوان کردووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ڕێژەی ئەم سەردانانە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە ڕووی لەزیادبوون کردووە.

 مەریوان یەکێک لە شارە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ناوە ناوە بەرپرسانی ڕێژیم بە بیانووی سەردانی شوێنەوارەکانی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن و ئامانجی سەرەکییان ناسینی سنوورەکان و جێگیرکردنی هێزی نیزامی و چەکوچۆڵ بۆ کاتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.