كه‌ریم په‌رویزی
گرانترین و ناخۆشترین پرسیارێك كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ره‌وڕووی كوردێكی ئاواره‌ی هه‌نده‌ران ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه : خه‌ڵكی كوێی؟ چ میلییهتێكت هه‌یه؟ جا كوردی په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران كه له ده‌ست ئه‌و هه‌موو سته‌مه‌ی كۆماری ئیسلامی رۆیشتۆته ئورووپا و ئا‌مریكا و پێی وایه كه ئیدی ده‌گا به دونیایه‌كی ئازاد و تێییدا ده‌حه‌سێته‌وه، له یه‌كه‌م رۆژه‌وه تووشی درزێكی گه‌وره‌ی ده‌روونی و ناسنامه‌یی ده‌بێ. له كوێوه هاتووی؟ هه‌رچی شیكردنهوەی بۆ ده‌كا و له‌سه‌ری زیاتر ده‌دوێ و ده‌ڵێ كه له كوردستانه‌وه هاتووم، كوردم و له ده‌ستی سته‌می كۆماری ئیسلامی هاتووم بۆ دونیای ئازاد، به‌رامبه‌ره‌كه‌ی زه‌حمه‌ت تێده‌گا. كه‌سانێك هه‌ن كه كورد ده‌ناسن و به‌تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی رابردوودا ناوی كورد زۆر به فراوانی له میدیاكانی ده‌ره‌وه باس كراوه، به‌ڵام پرسی سه‌ره‌كی شناسنامه یان به ئینگلیسیه‌كه‌ی نهشناڵیتییه.
كورد له ئێرانه‌وه رۆیشتووه و گه‌ر ده‌ڵێ ئێرانیم، وا ده‌زانن فارسه و گه‌ر ده‌ڵێ كوردم، ئه‌ی له كام وڵاته‌وه هاتووی؟ ئه‌مه پرسیارێكی گه‌وره‌یه كه كورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات تووشی ئه‌و گرفته ده‌كا كه ناسنامه‌ت چیه؟ ئایا ئێرانیت؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئێرانی نیت و كوردستانیت، كوا كوردستان؟
تا كاتێك كه كورد له نێو جوغرافیای ئێراندایه، به‌ره‌وڕووی وه‌ها دووگانهیی و شڵه‌ژانێكی ناسنامه‌یی نابێته‌وه چوونكه له نێو جوغرافیای ئێران‌دا به‌ره‌وه‌ڕووی وه‌ها پرسیارێك نابێته‌وه كه نهشناڵیتی و تابعیهتت چییه. گه‌ر بۆ وێنه له ناوچه فارس نشینه‌كان لێی بپرسن كێی و له كوێوه هاتووی، ده‌ڵێ كوردم و له كوردستان هاتووم. له نێو خودی دایره‌ی جوغرافیای ئێران‌دا ناسنامه‌ی كوردی و فارسی و توركی و به‌لووچ و عه‌ره‌ب و.. له به‌رامبه‌ر یه‌كدان و له ته‌قابول له‌گه‌ڵ یه‌كدا پێناسه‌ی یه‌كدیی پێ ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌ند ده‌سه‌ڵاتی كۆلۆنیالیستی هه‌وڵی داوه كه ناسنامه‌ی ئێرانیبوونی ساخته بسه‌پێنێ و هه‌موو خۆیان به‌و ناسنامه‌یه‌وه بناسێنن، به‌ڵام بۆ سیستمی پاڵه‌وی- خومه‌ینی نه‌چۆته سه‌ر.
٧٤ ساڵ پێش ئێستا، له كوردستاندا كۆمارێك دامه‌زرا كه ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ته‌وه‌یی بوو و له به‌رامبه‌ر هروژمی ناسنامه‌ی ئێرانیی ده‌سكرددا كه ره‌زاخان ده‌یسه‌پاند، كۆماری كوردستان وه‌كوو كاردانه‌وه‌یه‌كی سروشتیی نه‌ته‌وه‌یی دژی راوه‌ستا و له‌دایكبوونی كۆمار، پێویستییه‌كی مێژوویی- ناسنامه‌یی بوو كه تاكی كوردی كرد به خاوه‌ن ناسنامه (هویت)یەكی جیاواز له هویه‌تی پاڵه‌وی په‌سه‌ند!
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌ته‌وه‌یی خۆماڵییه له مه‌هابادی پێته‌ختی كۆمار دامه‌زرا، جیا له هه‌موو پێوه‌ر و كاره‌كانی دیكه‌ی، له مێشك و هزری تاكی كورددا پێناسه‌یه‌كی نوێی دروست كرد كه له جیهانی مودێڕندا سه‌رلێشێواو نه‌بێ و له په‌رته‌وازه‌یی و ئاڵۆزی ده‌ربازی ببێ.
كۆماری كوردستان كه له رێبه‌ندانی ١٣٢٤ به ده‌ستی حیزبی دێموكرات و به رێبه‌ریی پێشه‌وا دامه‌زرا، وڵامێكی مۆدێڕن بۆ پرسێكی مۆدێڕن بوو كه له تۆفانه سه‌خته‌كانی ئاڵۆزیی فكر و شوناسدا، كوردستان خاوه‌نی "ئایدی" و "ئایدیای" تایبه‌تی خۆی بێ.
دوای چه‌ندین ده‌یه له تێپه‌ڕین به سه‌ر رووخانی فیزیكیی كۆماردا، كۆمار له زێهن و بڕوای كوردستانیاندا زیندووه و هێمایه و ناسنامه. پێم وایه كه هه‌ر تاكێكی كوردستان ده‌بێ لانیكه‌م له روئیا و بڕواكانی خۆیدا، پاسپۆرتێكی كۆماری كوردستانی له گیرفاندا بێ كه له هه‌ر كات و شوێنێك و له هه‌ر دۆخێكی تایبه‌تیدا وه‌ڵامده‌ری زۆر پرسیار و زۆر قه‌یرانی ناسنامه‌یی و فیكریی ده‌بێ. ئه‌و پاسپۆرته‌ی كۆمار له گیرفانماندا، هه‌م نهشناڵیتیمان دیاری ده‌كا و هه‌م وه‌كوو سه‌رده‌می كۆمار وه‌ڵامێكی مۆدێڕن به پرسه ئاڵۆزه مۆدێرنیتهییهكانمان ده‌بێ.