فۆ کۆنگ، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە پاراستنی ئاگربەست لە شەڕی ئێراندا "پێویستییەکی بەپەلە"یە و داوای کرد گەرووی هۆرمۆز بە خێرایی بەڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە.
باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە وڵاتەکەی بە توندی نیگەرانە لەو لێدوانانەی باس لە کاتی بوونی ئاگربەست و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دەکەن. ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت ئێران کۆتوبەندەکانی سەر گەرووی هۆرمۆز لادات و لە بەرامبەریشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆ دەریایییەکانی سەر ئەو ناوچەیە هەڵگرێت.
فۆ کۆنگ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر تا کاتی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترامپ بۆ چین، گەرووی هۆرمۆز بە داخراوی بمێنێتەوە، ئەو بابەتە دەبێتە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان پێکەن و واشنگتۆن.
ئەم لێدوانانەی باڵیۆزی چین لە کاتێکدایە کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتیی ئەم مانگەی شۆرای نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتووەتە دەست. هەروەها ناوبراو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە باس لە هاوکاریی سەربازیی نێوان چین و ئێران دەکەن و بە "نادروست" ناوی بردووە.