کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسەکان، خانوویەکی ئەرزان بۆ کرێ

17:40 - 8 بەفرانبار 2721

"مەحموود ئەولاد" لێکۆڵەری بواری ئابووریی ڕێژیم وتوویەتی، "کەمیی خانوومان هەیە بەڵام بەهۆی ئەوەیکە توانایی هاووڵاتییان بۆ کڕینی خانوو هاتووەتە خوارێ ناتوانین بیناسازی ئەنجام بدەین".

قسەکانی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە نەتەنیا توانای کڕینی خانووی هاووڵاتییان هاتووەتە خوارێ بەڵکوو بەهۆی گرانبوونی نرخی کرێ خانوو و نرخی خانووی ڕەهنی بەشێک لە هاووڵاتییانی کەمداهات ناچارن بە شێوازی جۆراجۆری وەک خەوتن لە "پاسەکانی نێو شار، بینا نیوەکارەکان، سەربان، کانتینێرەکان" و شوێنی دیکە کە پارەیەکی کەمی بۆ کرێ پێویستە شوێنی خەوتنی شەوانەی خۆیانی پێ دابین بکەن.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "تجارەت نیووز"ی سەر بە ڕێژیم لە ئێستادا کە وەرزی سەرما داهاتووە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان لە تاران کە توانایی پێدانی کرێ خانوویان نییە شەوانە لە پاسەکاندا دەخەون.

ئەو کەسانە ناچارن هەتا بەیانی چەند پاس بگۆڕن، بە جۆرێک کە هەر ٤٥ خولەکێک دەبێ جارێک دابەزن و سواری پاسێکی دیکە بن.

ئەو هاووڵاتییانە دبێ هەر جارە کە سواری پاسێکی دیکە دەبن بڵیت بکڕن بە جۆرێک کە مانگانە لە ٣٦٠ هەتا ٧٥٠ هەزار تمەن ناچارن پارە خەرج بکەن و ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە هەر شێوەیەک ئەو پارەیە لە نرخی کرێ خانوو ئەرزانتر دەکەوێت.

ئەو هاووڵاتیانە کەسانێکن کە کار دەکەن بەڵام بەهۆی ئەوەیکە داهاتیان کەمە ناتوانن خانوو بە کرێ بگرن و شەوی خۆیان لەو شوێنانەدا هەتا بەیانی تێپەڕ بکەن.