کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشای عەرەبستان: تێرۆریستەکان پشتیوانی لە یەک دەکەن

11:17 - 29 سەرماوەز 2721

"مەلەک سەلمان بێن عەبدولعەزیز" پاشای عەرەبستان لە تویتێکدا، بە دانانی وێنەی "حەسەن نەسروڵڵا" بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای حیزبوڵڵای لوبنان لە ساڵی ١٩٧٩ کە بۆ پشتیوانی لە خومەینی دژی کوردانی ڕۆژهەڵات چەک بە دەست لە شەقامەکاندا دەبینرێت، نووسیویەتی: "تێرۆریستەکان بەردەوام پشتیوانی لە یەک دەکەن".

ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنی و هەتا ئێستاش لە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ بردنە پێشەوەی ئامانجەکانی لە ناوچەدا کەڵک وەردەگرێت و لە بەرانبەردا ڕێژیمی ئێرانیش لە هەر جۆرە پشتیوانییەک لەهەمبەر ئەو گروپە تێرۆریستییە مل کەچ ناکات.

"حسەن نەسروڵڵا" سەلماندوویەتی کە قوتابیی مەکتەبی خومەینییە، بە جۆرێک کە ئەمساڵ لە سییەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی "ئەلمەنار" کە لەلایەن بەشێک لە فێرخوازانی خومەینییەوە دامەزراوە ڕاشکاوانە وتی: "خومەینی ئومەتی ئیسلامیی زیندوو ڕاگرتووە".

هەروەها ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی گشتی لە لوبنان وتبووی: "ئێران لە بواری ماڵی، نیزامی و مەعنەوی بە تەواوی ئێمە دابین دەکات".

لەلایەکی ترەوە "مەجید ئەنساری" جێگری پێشووی کاروباری مەجلیسی ڕێژیم لە سەردەمی سەرکۆماریی "حەسن ڕووحانی" و ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم وتبووی: "بەشێک لە کەسانی باڵادەستی ئێمە بەهۆی بەرژەوەندیی حیزبوڵڵا پێشنیاری پەیوەندبوون بە ڕێکخراوی FATFیان قەبووڵ نەکردووە، چونکە لە ئەگەری قەبووڵکردنی نەیاندەتوانی ئیتر پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان، میلیشیاکانی عێراق و دەوڵەتی سووریە بکەن".