کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشای عەرەبستان خوازیاری هەڵوێستێکی بەبڕشتی کۆمەڵگای جیهانییە دژ بە ڕێژیمی ئێران

11:05 - 22 خەزەڵوەر 2720

پاشای عەرەبستانی سعوودی داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کردووە هەڵوێستێکی لیبڕاوانە و بەبڕشتیان هەبێت لە بەرامبەر هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدان بە بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی.

بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز"، "سەلمان بێن عەبدولعەزیز وتوویەتی"، پاشایەتیی عەرەبستان لەهەمبەر مەترسیی پرۆژە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدان بە تێرۆریزم و دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە جەخت دەکاتەوە.

"سەلمان بێن عەبدولعەزیز" باسی لەوە کردووە: "ئەو هەوڵانەی ئێران هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان".

لە ماوەی یەک مانگ و نیوی ڕابردوودا ئەمە دووەمین جارە پاشای عەرەبستان لەو چەشنە داواکارییە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووکان دەکات.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەردا "سەلمان بێن عەبدولعەزیز" لە ڤیدیۆ کۆنفڕانسێکدا داوای لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووکان کردبوو ڕێگەچارەیەکی گشتگیر بەنیسبەت ڕێژیمی ئێرانەوە بگرنە بەر.

هەتا ئیستا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وڵامێک بەو قسانەی پاشای عەرەبستان نەدراوەتەوە و نوێنەری ئێران لە کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیدا ئەو قسانەی پاشای عەرەبسانی بە "تۆمەتی بێبنەما" ناو لێ بردووە.