کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش فرۆشتنی گورچیلە نۆرە گەیشتووەتە جەرگ فرۆشتن

12:11 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: هەژاری و بێدەرەتانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی ئێران وای کردووە کە هەر ڕۆژ دیاردەیەکی نوێی تراژیک لەم وڵاتەدا سەرهەڵبدات.

ڕۆژنامەی "آرمان امروز" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی هەژاری لەسەر کۆمەڵگە باسی لە سەرهەڵدانی دیاردەیەکی نوێ بەناوی "جەرگ‌فرۆشی" کردووە و نووسیویەتی: هەنووکە لە ئێراندا یەکێک لە ڕێکارەکان بۆ چارەسەری بێ‌پارەیی و هەژاری، فرۆشتنی بەشێک لە ئەندامانی لەشە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هەنووکە جیا لە فرۆشتی گورچیلە، دیاردەی فرۆشتنی "جەرگ"یش هاتووەتە ئاراوە کە نرخەکەی لە نێوان ٧٠ بۆ ٢٠٠ میلیۆن تمەن بەپێی جۆری خوێنەکە، وەزعیەتی نەخۆشەکە و ئینسافی دەڵاڵەکە دەگۆڕدرێ.

ئەم کەسانە کە بۆ زیندوومانەوە و بەناچاری ژیانیان بەلاشفرۆش دەکەن دەڵێن: ئەگەر ژیانی سەخت و دژوار، هەژاری و بێدەرەتانی، بێکاری و بێ‌پارەیی، پێویستی و چاوەڕوانییەکانی بنەماڵە داخدارەکانمان نەبێ بۆچی دەبێ دەس بدەینە وەها کارێک؟

پێشتریش لە ئەنجامی ئەو ڕەوشە نالەبارە بینەری کۆمەڵێک دیاردەی وەک گۆڕخەوی، کارتۆنخەوی، کوونەدیوارخەوی، ژێرپردخەوی و دەیان دیاردەی دیکەی لەم چەشنە بووین.

ئەم دۆخە نەشیاوە کە هەنووکە باڵی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا کێشاوە لەکاتێکدایە کە خومەینی لە پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران و لە یەکەم ئاخاوتنەکانیدا باسی لەوە دەکرد کە ئەو ژیانەی تا ئێستە هەتانبووە کوڵەمەرگی بووە؛ ئێمە لە سێبەری کۆماری ئیسلامیدا ژیانێکی سەردەمیانەتان بۆ دابین دەکەین و تەنانەت ئاو و بەرق و ئۆتوبووستان بۆ دەکەین بە خۆڕایی!