کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد/ چارەنووسی قوتابییەکی تەمەن ١٧ ساڵە، ناڕوونە

17:27 - 9 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: پاش زیاتر لە ٢٠ رۆژ لە گیرانی ژمارەیەک لە ناڕازییانی شاری مەهاباد و کوردستان، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵەی مەهابادی نییە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لالە خوشنوود کچی رەحمان، قوتابییەکی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی مەهاباد، رۆژێک پاش ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد و پاش دیار نەمانی، ئەگەری دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمەوە لە ئارا دایە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەو پێوەندییەدا نووسیویەتی: بنەماڵەی لالە خوشنوود بە بەردەوامی سەردانی ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتییەکانیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان لە چارەنووسی منداڵەکەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی ئەو سەرچاوە، بنەماڵەی خوشنوود لەو باوەڕەدان کە کچەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بنەماڵەکی ئەو کچە راشیانگەیاندووە: ئەو شەقامە کە هۆتێل تارای تێدا هەڵکەوتووە، شوێنی هاتوچۆی لالە خوشنوود بۆ قوتابخانەکەی بووە و رۆژانە بەو رێگەیەدا هاتوچۆی کردووە.

پاش ئەوەی کە لالە خوشنوود دیار نەما سەحەر سەعادەتی، رەزا شەریفی بۆکانی و ئومید کەریم‌زادە لە چالاکانی مەدەنیی کورد، نامەیەکیان لەمەڕ بەدواداچوون بۆ چارەنووسی لالە، بۆ مەجلیسی ئێران نووسیوە.