کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان سنوورەکانی لەگەڵ ئێران دیوارکێشی دەکات

12:49 - 18 سەرماوەز 2720

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاندووە کە بڕیارە پاش دیوارکێشیی سنوورەکانی لەگەڵ ئەفغانستان، سنوورەکانی لەگەڵ ئێرانیش دیوارکێشی بکات.

ڕاگەیاندنەکانی پاکستان بڵاویان کردووەتەوە کە "شا مەحموود قوڕەیشی" وەزیری کاروباری دەرەوەی پاکستان، ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەز لە دانیشتنێکدا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەتەمایە سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران دیوارکێشی بکات.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دیوارکێشیی سنوورەکان تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێدێت.

پێشتریش "عومران خان" سەرۆکوەزیرانی پاکستان باسی لە دیوارکێشی لە سنوورەکانی نێوان پاکستان و ئێران کردبوو بۆ کەمکردنەوەی ناسەقامگیری لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

ناوبراو گەڵاڵەیەکی بۆ دیوارکێشییەکی ٩٥٠ کیلۆمەتری لە سنووری هاوبەشی نێوان دوو پارێزگای بەلووچستانی پاکستان و سیستان و بەلووچستانی ئێراندا پێشکەش کردبوو.

ئەو دیوارکێشییە لەنێوان ئێران و پاکستان و لە سنوورەکانی بەلووچستاندا زیاتر لایەنی دابەشکردنی زیاتری خاکی بەلووچستانی پێوە دیارە کە وڵاتانی داگیرکەر بەو هەوڵە سیستماتیکانە هەرچی زیاتر هەوڵ دەدەن بۆ تواندنەوەی نەتەوە بندەستەکان.