کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکا و ئیسرائیلەوە بە جیدی تاوتوێ دەکرێت

10:08 - 2 بەفرانبار 2721

"جیک سالیوان" ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپیی ئامریکا، ئەم حەوتوویە بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ "نەفتالی بێنت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر دۆسیەی ناوکیی ئێران، بۆ ئیسرائیل سەفەر دەکات.

لە بەیانییەیەکدا کە "ئەمیلی هورن" وتەبێژی شورای ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی سەرماوەز بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە کە لەو سەفەرەدا برێت مەکگۆرک بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شورای ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی و گشت بەرپرسانی دیکە لەو سەفەرەدا هاوڕێیەتیی جیک سالیوان دەکەن.

هەروەها بڕیار وایە لەو سەفەرەدا وەفدی ئامریکایی چاویان بە "مەحموود عەباس" سەرۆکی تەشکیلاتی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستین بکەوێت.

لەو پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک نووسیویەتی: "سەفەری وەفدی ئامریکایی لە پەیوەندی لەگەڵ پرۆسەی دانوستاندن بۆ وەگەڕخستنەوەی گرێبەستی ناوکیی ئێران لە ڤییەن، بۆ پاشەکشەکردن بە ئێران بەڕێوە دەچێت".

هەروەها بەرپرسێکی ئامریکایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە هەواڵنێرانی وتووە کە باسەکانی چەند حەوتوو پێش لەسەر ئێران لەو دیدارەدا باس و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە هەروەها زیادی کردووە: "ئێمە لە بابەت پرسی ناوکیی ئێران و هەندێک پرسی دیکەی لەو بابەتە گفتوگۆ دەکەین. دەوڵەتی ئامریکا و حکوومەتی ئیسرائیل لەسەر پرسی دەسپێڕانەگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی، هاوڕان و یەکدەنگیی تەواویان هەیە".