جەلال ڕەوانگەرد
لە کاتێکدا پێ دەنێینە حەفتاوپێنج ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، بەرەوڕووی زۆر چاوەڕوانی و بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی دەبینەوە کە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئامانجە نەتەوەیی و دێموکراتیکانە ئەرکی سەرجەم تاکەکانی ئەو حیزبەیە، گەلیش چاوەڕوانی بەهێزبوونی بزووتنەوەی هەیە کە بێگومان کەس ناتوانێت نکۆڵی لە ڕۆڵی شوێندانەری ئەو حیزبە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی کورد بکات. خەبات و تێکۆشان و فیداکاریی ئەو حیزبە، هۆکارێکە بۆ بەرزڕاگرتنی ئاڵای خەباتی ئازدایخوازیی ئەو بەشەی نیشتمان، هەر بۆیە یەکێک لە بنەماکانی بەهێزبوونی ئەو حیزبە پێداچوونەوەی زانستیانەیە بە ڕابردوودا، بۆ ئەوەی بتوانین بەو پێداچوونەیە ڕێز لە فیداکاری و ئەزموونەکانی ڕەوتی خەبات وەربگرین، دەبێ بە خەسارناسییەکی ئوبژێکتیڤانە هەوڵی پێشگرتن و چارەسەری نسکۆکان بدەین و دووبارەیان نەکەینەوە.
ئەگەر "هێز لە یەکگرتووییدایە" بە پرەنسیپ و فاکت وەرگرین، جیابوونەوە و ئینشعابیش بە یەکێک لە خەسارەکانی خەبات هەژمار دەبێت، هەر بۆیە لە ڕاستای نەهێشتنی خەسارەکانی دابڕان و پێویستییەکانی ئەم سەردەمەی خەبات، گرینگە هەنگاو بەرەو یەکگرتوویی و یەکگرتنەوە هەڵبگرین.
بێگومان یەکگرتنەوە لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستادا پێویستییەکی هەنووکەیی و جێگای بایەخە و گوڕوتینێکی نوێ بە خەبات لە کوردستانی خۆرهەڵات دەبەخشێت و وەڵامدانەوەیەکی بەهێزیش دەبێ بۆ لایەنە دژبەرەکانی کورد، بە تایبەت شۆڤینیستەکان کە لەم ماوەیەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو و ئامانجدار هاوئاراستەی سیاسەتە چەوتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، دژایەت یی داخوازییەکانی گەلی کوردیان کردووە، لە هەمان کاتدا دەتوانێت وەکوو قۆناغێکی نوێ و گرینگ لە تاودانەوەی خەبات لە خۆرهەڵات، سەیر بکرێت.
لە ڕابردوودا هەر کاتێک کورد تووشی دابڕان و پەرتەوازەیی و دابەشبوون هاتبێت، لە ئاست داگیرکەران و دوژمنانیدا لاواز بووە و بەپێچەوانەوە ئەو کاتانەی خاوەنی هێز و ئیرادەی یەکگرتووانە بووە، نەیاران بەردەوام بەدوای پیلان و ئاژاوەوە بوون، تاکوو ئەو یەکگرتووییە لە کورد وەربگرنەوە. دەتوانین بڵێین سەرکەوتنی دوژمنانی کورد لە پەرتەوازەبوونی کورددا خۆی دەبینێتەوە، لەو سونگەوەیە هەلومەرجی ئێستای کوردستانی خۆرهەڵات ئەوە دەخوازێت کە دێموکرات ببێتەوە بە یەک و نێو ماڵی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات یەک بخاتەوە و هێز و هیوا ببەخشێتەوە بە تاکەکانی، هەتاکوو لە ئاست ڕووداوەکاندا، کاریگەرتر بێت.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە باشی لە هێزی یەکگرتوویی کورد تێگەیشتووە، بۆیە بەردەوام و بە پیلان و بەرنامەوە بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو بەرانبەر بە کورد لە خۆرهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان، لە هەوڵی دژایەتی و پیلانگێڕیدا بووە، هەوڵی داوە بە شێوەگەلی جیاواز لەنێوان بزووتنەوە کوردییەکاندا دابڕان دروست بکات، بۆیە کاتێک دەبینین کە دوژمن لە یەکبوونی ئێمەی کورد هەست بە مەترسی دەکات، بۆ ئێمەی کورد لەو پۆتانسییەل و هێزە بە قازانجی خۆمان کەڵک وەرنەگرین.
بەپێی خوێندنەوەی ڕووداوەکان لەم ساڵانەی دواییدا، دەبینین جیا لە کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیشدا ئاستی ناڕەزاییەتی بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕووی لە زیادبوون کردووە و قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتی وەکوو بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق، بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکان و... هتد، بوونەتە هۆکاری نەبوونی دەرەتانی ژیانێکی ئاسایی بۆ زۆرینەی خەڵکی ئێران و ڕێژیمی بەرەوڕووی قەیرانی مەشروعییەت و داڕمانی ئەو حکوومەتە کردووەتەوە، هەروەها گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی وڵات و دزییە میلیاردییەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، وای کردووە کە تەنانەت مافە سەرەتاییەکانی خەڵکیش لەو وڵاتە بەڵالێدراوەی ئێران مانایەکی نەمێنێت و ئەم دۆخەش پێویستی بە یەکریزییەکی بێوێنە هەیە چ لە ئاستی گەلانی ئێران و چ لە ئاستی کوردستاندا.
هەر ئەو ڕوانینە واقعبینانەیە کە ئێستا لە سیاسەتی نوێی حیزبی دێموکرات ڕەنگی داوەتەوە و بەڕێز "مستەفا هێجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە دەقی وتارێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە : "قەیران لە بەڕێوەبەری، قەیران لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی، تەنگی بە ڕێژیم هەڵچنیوە، بە جۆرێک کە قەیران بە قەیران بەڕێ دەکات و توندوتیژی و سەرکوتی سیستماتیک، هەموو بوارەکانی ژیانی تەنیوەتەوە".
لە بەرایی ئەم سیاسەتە شکست خواردووە، پێی وایە کە ڕێژیم لە سیاسەتەکانی بەرانبەر بە یەکەی نەتەوەیی کورد له کوردستانی خۆرهەڵات، هەر لە سەرەتاوە ناکام ماوەتەوە. خولیای ئازادی و سەربەستی و گەیشتن بە مافی نەتەوەیی کە هەمان سەرەوریی کوردە بەسەر خاکی خۆیدا، لە کوردستان بەردەوام ڕوو لە گەشەیە و جەوهەری بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی کورد پێداگری لەسەر ناسنامەی نەتەوەییە و بەرەنگاری و بەرگریی نەتەوەیی ڕێڕەوی هەمیشەیی ئەم بزووتنەوەیە بووە.
لەلایەکی دیکەوە داگیرکاریی ڕێژیمی ئێران ژینگەی کوردستانی بەرەو لەنێوبردن بردووە و سەرچاوە ئاوی و کانزاییەکانی بە مەبەستی ئاوادانەکردنەوەی ناوەند بەتاڵان بردووە. هەروەها لە ئێستادا ئاستی نابەرابەریی کۆمەڵایەتی بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمەوە، کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی بەرەو کۆمەڵگایەکی نایەکسان و تەژی لە چەوساندنەوە بردووە، کە ئەو جۆرە لە پەیوەندیی داگیرکاری، دەبێ سەرەتا لە ناوەندەوە هەڵبووەشێتەوە، هەتا زەمینە بۆ پێکەوە ژیانی دڵخوازانە و ئاشتییانە فەراهەم بکرێت. بۆ ئەم ئامانجە، کوردستان لەسەر پێ دەمێنێتەوە و بۆ گەیشتن بە سەروەری و تێکەوەپێچانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێچووی زیاتر دەدات".
هەر لەو سۆنگەیەوە، هەست بە بەرپرسایەتی کردن بەرانبەر بە دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد بەگشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی و درێژەدان بە خەبات دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، پێویستی بە هەوڵێکی هەمەلایەنە و گشتگیرە، بە هاتنە ئارای کۆمەڵێک ڕێگاچارەی بزوێنەر لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و ئامانج و هێڵە سیاسییە گشتییەکانی دێموکراتدا کە بە هەڵویستێکی شۆڕشگێڕانە هەوڵ بۆ یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و یەکگرتنەوەی دێموکرات بدرێت، ئەم یەکبوونە وزەبەخشێکی بەهێزی خەبات دەبێ لە ڕاستای بەهێزتربوونەوەی گرێدانی خەباتی شاخ و شار کە ڕاسانی فرەڕەهەندە، بەردەوام و بەتینتر لە جاران بەرەو پێشەوە دەبات.
دەکرێت ئەم یەکگرتنەوەیە، ببێتە سەرەتای پرۆسەیەکی دیکە بە مەبەستی زیاتر لێک نزیکبوونەوە و یەکگرتنەوەی حیزبەکان و کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان لایەنەکانی دیکەی خۆرهەڵات و کاریگەریشی لەسەر بەهێزترکردن و یەکگرتووتربوونی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان" و لە ئاکامدا بیر لە دامەزراندنی یەکەی بەڕێوەبەری و ئیدارەی هاوبەشی داهاتووی هەرێمی کوردستانی خۆرهەڵات، بە بەشداریی هەموو حیزب و پێکهاتە جیاوازەکانی بکرێتەوە، کە لەم هەلومەرجە هەستیارەی کە کوردستانی خۆرهەڵاتی پێدا تێدەپەڕێت، پێویستی و گرینگییەکی هەنووکەییە.
لە ڕاستیدا یەکگرتنەوە بە واتای بەهێزتر بوون و کاریگەرتر بوونی ڕۆڵی دێموکراتە لە خەباتی خۆرهەڵاتدا، کە پێویستە هەوڵ بۆ یەکگرتنەوەیەکی وهها بدرێت كه هیچ تاکێک هەست بە دۆڕان و جیاوازی نەکات و ئامانج لێی بەهێزتر کردنەوە و وەسەریەکخستنەوەی بەها هاوبەشەکان و شۆڕشی گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستاندا بێت، واتە لەسەر بنەمایەکی لۆژیکی و بەهێز کە پێویستە هەمووان پێکەوە بە پێکهاتە و ئیدە و بەرنامەیەکی نوێتر، ڕێڕەوی خەبات بەرەوپێش ببەین.
وەکوو زەروورەتێکی ئەم قۆناغە هەستیارەی کە لە نێوخۆی ئێران و ناوچە لە ئارادایە، بەتایبەت بۆ بەهێزترکردنی خەباتی ڕاسان و شوێندانەریی زیاتر لەسەر ڕەوتی خەبات لە کوردستانی خۆرهەڵات و ڕووداوە پێشبینی کراوەکان، پێویستە بە ڕوانینێکی بەرپرسیارانە و واقعبینانە بۆ بەئاکام گەیاندنی یەکگرتنەوەیەک کە هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات تێیدا براوە بن و یەکبوونێکی پایەدار و پڕدەستکەوت، کار بکەین. بە ئاکامگەیاندنی داخوازیی خەڵک و بەدەنەی هەردوو لایەنی حیزب لەسەر پرسی یەکگرتنەوە گرینگە و دەبێ بە جیددییەتەوە ئاوڕ لە ویستی گشتی بدرێتەوە و کار بۆ یەکگرتنەوە بکرێت.
کاتێک باس لە یەکگرتنەوە دەکەین، پێویستە زیاتر لە یەکگرتنەوەیەکی ڕواڵەتی بیر لە یەکگرتنەوەیەکی جەوهەری، بە مەبەستی هەبوونی یەک گوتاری و یەک پلانی لەسەر پێویستییەکانی هەلومەرجی ئێستا بۆ درێژەدان بە سیاسەتە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکان بکەینەوە و مێکانیزمەکانی بەڕێوەبەری حیزبیش دەبێ لە پێناو ئەو یەکگرتنەوە جەوهەرییە بێت.
ماوەیەکە هەست بە گرینگیی یەکبوونەوە لە دوو لایەنی حیزبی دێموکرات، هیوای خستووەتە نێو دڵی جەماوەری خۆرهەڵات و چاوەڕوانی هەواڵی موژدەبەخشی یەکگرتنەوە دەکەن، ئەگەر ئەم یەکگرتنە کە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردووی دوای لێکدابڕان و جیابوونەوەی حیزبەکان بێتەدی، وزەیەکی نوێتر و بەهێزتر دەداتە خەباتی خۆرهەڵات و دڵی دوژمنانیشمان وەلەرزە دەخات.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە یەکگرتنی دێموکرات، پێویستە ئامانج و ئاراستەکەی بۆ گۆڕانکارییەک بێت کە بتوانێت کاریگەریی لەسەر دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان لە خۆرهەڵات دابنێت و وەرچەرخانێکی بنەڕەتیش بێت لە ئاستی لانیزۆری داخوازییەکانمان و خۆ دوورخستنەوە لە ناوەند و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستانی خۆرهەڵات، بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕاستای وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستاندا نەبێت، لە درێژماوەدا ناتوانێت وەڵامی داخوازیی ڕەوای خەڵک، شۆڕشگێڕان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی، خۆرهەڵات بداتەوە.
بە هیوای یەکگرتنەوەیەکی پایەدار و جەوهەری، لە ڕاستای وەدیهێنانی ماف و داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.