کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەی لێدانی بەنداوی ڕێژیم لە گوندی "گوراجووب" لە کرماشان ئاوی ناوچەکەی هەڵچۆڕاندووە

12:41 - 30 خاکەلێوه 2722

گرووپێک لە ئەندازیارانی پرۆژەی ئاو لە کرماشان ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی هەوڵیان دا کە لە گوندی "گوراجووبـ"ـی ئەو پارێزگایە دەست بدەنە دروستکردنی بەنداو.

ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی دوای چەند تاقیکارییەک پرۆژەی دروستکردنی بەنداو بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی ٥٣٠ هێکتار لە باخەکانی ناوچەی "گاوارە" لە کاتی وشکەساڵی و بووژانەوەی ١ هەزار و ٧٠٠ هێکتار لە زەویی دێمەکار لە ژێر ناوی "بەنداوی مەخزەنیی زمکان" دەستی بە کار کرد.

لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ی هەتاوی بەڕێوەبردنی ئەو پرۆژەیە لەو ناوچەیە ئیمکانی ژیانی لە خەڵکی ناوچە بەرتەسک کردەوە و خەڵک ناچار بوون کە شوێنەکە چۆل بکەن و باخاتی ئەو ناوچەیەش تووشی بێ ئاوی بوون.

تەقینەوە، پچڕانی ئاو و بەرق، بەستڕانی ڕێگاکانی هاتوچۆ و بڕینی دار و باخاتی ناوچە بووە هۆی ئەوەی خەڵکی ناوچەکە دەراوێکی ڕوونیان بۆ ژیان نەمینێ و شوێنەکە چۆڵ بکەن و هەر یەکەی ئاوارەی شار و ناوچەیەکی دیکە ببن.

ساڵی ٩٦ی هەتاوی پرۆژەی گرتنەوەی ئاو لە بەنداوی "زمکان" دەستی بەکار کرد و لە ساڵانی پڕ باران  ٤٥ میتر لە ٥٨ میتری بەنداوەکە لە ئاو پڕ بوو.

ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕێژەی ئاوی بەنداوەکە کەمی کرد و ٣٠ میتر هاتە خوارەوە و دۆخی باخاتی خوار بەنداوەکە بۆ ئاودێریکردن بەرەو خراپی ڕۆیشت.

خەڵکی ناوچەکە دەڵێن پرۆژەی بەنداوسازی لە گوندەکە نەک سەرکەوتوو نەبووە و هیچ سوودێکی نەبوو بەڵکوو بووە هۆی تێکچوونی ژینگەی ناوچەکە، هەڵچۆڕانی ئاو و هەروەها چۆڵبوون و ڕۆیشتنی خەڵکی گوندەکە.