پرۆژەی لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی "دەلاقە" کە لە ڕەهەندی مێژوویی و ڕەخنەگرانەوە پەرژاوەتە سەر ژانرە جیاجیاکانی ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و زنجیرەیەک کتێبە لە نووسین و ئامادەکردنی "شەریف فەلاح"، نووسەر و توێژەری کورد، کە لە شەش بەرگ و لە دووتوێی سێ هەزار ٦٨٤ لاپەڕە و بە ئەژماری هەزار دانە لەلایەن وەشانگەی "مادبوکـ"ـەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ئەم زنجیرە کتێب و پرۆژە ئەدەبییە کە نووسەر و ئامادەکار ماوەی ١١ ساڵ کاری لەسەر کردووە، بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی و بە پۆلێن و جیاکردنەوەی ژانرە جیاوازەکانی ئەدەبی کوردی و بە دوو شێوازی وتووێژ و وتار و لێکۆڵێنەوەی ئەدەبی و زمانی کاری تێدا کراوە.
خاڵی بەرجەستەی ئەم پرۆژەیە لێرەدایە کە جیاوازییەکان و دەنگ و بۆچوونی جیاواز و فرەدەنگی و بەرفرەهیی تێدا بەرچاوە. لێرەدا باشاری (تقابل) ڕوانگە و بۆچوونە جیاواز و دژبەیەکەکان و بەرفرەهیی ڕوانگەکان دەردەکەون و لە دووتوێی بابەت و دیمانەکان لەگەڵ شاعیران، توێژەران، چیرۆکنووسان، ڕەخنەکاران و ئەدیبانی ناوچەکانی ئیلام، کرماشان، هەورامان، سنە، موکریان، ورمێ و تەنانەت کوردانی خوراسان، سەرلەبەری زاراوەکانی زمانی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات خراونەتە بەرباس و لە ڕوانگەی جیاوازەوە هەڵسەنگێندراون.
لە پرۆژەی ئەدەبیی دەلاقەدا کە بە دوو شێوازی وتووێژ و توێژینەوە و وتار ئامادە کراوە، هەوڵ دراوە لە ڕوانگەی مێژوویی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیشەوە بە جیا لە هەر بەرگێکدا ئاوڕ لە زمان و ئەدەبی زارەکی، شیعری هاوچەرخی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێگەی ئەدەبی گێڕانەوە لە ڕۆژهەڵات، پێگەی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی، پرۆسەی شیعریی "داکار" و پێگەی زمان و ئەدەبی کوردی لە ئیلام و کرماشان بدرێتەوە، لەڕاستیدا ڕۆچنەیەکە لە مێژووی زیاتر لە نیوسەدەی زمان و ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
هەر شەش بەرگی پرۆژەی ئەدەبیی ''دەلاقە'' بەگشتی لە دووتوێی سێهەزار و ٦٨٤ لاپەڕە و لەلایەن وەشانگەی "کتێبی ماد" لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کە ناوی هەرکام لە کتێبەکان و ژمارەی لاپەڕەکانی بەم جۆرەیە:
- بەرگی یەکەم: ڕۆچنە، زمان و ئەدەبی زارەکی، لە دووتوێی ٦٤٢ لاپەڕە و بە ئەژمارەی ١٠٠٠ دانە چاپ کراوە، کە بریتییە لە کۆدیدار و توێژینەوە لەبارەی پێگە و قۆناغەکانی زمان و هاوکات ئەدەبی زارەکی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
- بەرگی دووەم: ڕابوون، شیعری هاوچەرخی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە دووتوێی ٨٤٠ لاپەڕە و بە ئەژماری ١٠٠٠ دانە چاپ کراوە، کە بە وتووێژ و وتار ناوەرۆکەکەی پەرژاوەتە سەر ڕەوت و قۆناغە جیاجیاکانی شیعری کوردی لە ڕۆژهەڵات.
- بەرگی سێیەم: گێڕانەوە لە ڕێدا، لە دووتوێی ٨٣٤ لاپەڕە و بە ئەژماری ١٠٠٠ دانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کە بە کۆدیدار و وتار باس لە مێژوو و قۆناغەکان و پێگەی ئەدەبیاتی داستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
- بەرگی چوارەم: بارستی دەق، لە دووتوێی ٤٩٦ و بە ئەژماری ١٠٠٠ دانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کە لە چوارچێوەی کۆدیدار و وتاردا تاوتوێی پێگەی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات.
- بەرگی پێنجەم: داکــــار، لە دووتوێی ٣٧٦ لاپەڕە و بە ئەژماری ١٠٠٠ دانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کە لە چوارچێوەی کۆدیدار و وتاری ڕەخنەگرانەدا ئاوڕێ لە پرۆسە و ڕەوتی شیعریی "داکار" داوەتەوە.
- بەرگی شەشەم: دەروەچەی واران، لە دووتوێی ٤٩٦ لاپەڕە و بە ئەژماری ١٠٠٠ دانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئەم بەرگەش لە چوارچێوەی کۆدیدار و وتاردا باس لە پرسی نەتەوە، ناسنامە، فەرهەنگ و پێگەی زمان و ئەدەبی کوردی لە دوو پارێزگای کرماشان و ئیلام دەکات.
ژیاننامەیەکی کورتی "شەریف فەلاح"، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆڵەری ئەدەبی:
- ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی (١٩٧٥ی زایینی) لە گوندی "گەزنە"ی سەر بە چەمشاری سنە لەدایک بووە.
- لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوییەوە بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی لە سنە و شێعر و بابەتی ئەدەبیی لە گۆڤارەکانی "سروە و زرێبار" و گۆڤارە خوێندکارییەکان و حەفتەنامەکانی "ئاویەر و سیروان" لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاو بووەتەوە.
- لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینەوە لە کوردستانی باشوور نیشتەجێ بووە و ماوەی نزیکەی ١٢ ساڵ وەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانی ئەم حیزبە وەک "ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران، تیشک تیڤی و ماوەی یەک ساڵ و نیویش لە ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" کاری نووسین و ڕۆژنامەنووسیی کردووە.
- لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە هاوکاریی لەگەڵ حەفتەنامەکانی "چاودێر، هەواڵ و ڕۆژنامەی خەبات و کوردستانی نوێ و وشە و باس" و هەروەها گۆڤارە ئەدەبییەکانی: "هەنار، ڕامان و نما" هەیە.
- لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە بە شێوەیەکی جیدی کاری وەرگێڕانی لە زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی دەست پێکردووە و هەتا ئێستا ئەم کتێبانەی وەرگێڕاوە و نووسیوە:
١- وەرگێڕانی کتێبی "لەبارەی ئەدەبیات و هونەرەوە"، چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی ٢٠٠٩، پرۆژەی کتێبی هەنار .
٢- دوو بەرگی پرۆژەی ئەدەبیی "ڕۆچنەیەک بۆ ئەدەبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، کە پێنج بەرگە و هەر بەرگێکی تایبەتە بە ژانرێکی ئەدەبی کە پێکهاتوون لە کۆمەڵە دیدار و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و بەرگی یەکەم و دووەمی لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ لە بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی چاپ بوون.
٣- وەرگێڕانی کتێبی "چەند تێڕامانێک لە حکوومەتی هەڵبژێردراو"، چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا، سلێمانی ٢٠١٧.
٤- وەرگێڕانی کۆمەڵە چیرۆکی مێرمنداڵان "حیکایەتەکانی ئەو ساڵانە" (چیرۆک ـ عەلی ئەشرەف دەروێشیان) چاپەمەنیی مانگ - بانە ٢٠١٧.
٥- وەرگێڕانی کتێبی "مێژووی نەورۆز و کڕۆنۆلۆژیای ئێران"، ساڵی چاپ ٢٠١٣، دەزگای موکریانی، هەولێر.
٦- کۆکردنەوەی دوو بەیتی فۆلکلۆریکی ڕەسەنی کوردی بە ناوی "عەزیز و کوبرا و وەنەوش و بەڕەزا" بە یارمەتیی حەسەن سەلیمی، ساڵی چاپ ٢٠١٣، ئەنستیتۆی کەلەپۆری کورد، سلێمانی.
٧- ماڵاوا ئیمپراتۆری شیعر، کۆمەڵە وتار و پەیام بە بۆنەی کۆچی دوایی شیرکۆ بێکەس، ساڵی چاپ ٢٠١٣، دەزگای ڕۆشنبیریی جەماڵ عیرفان، سلێمانی.
٨- وەرگێڕانی ڕۆمانی "نەشتەرگەی شێت"، ساڵی چاپ ٢٠١٣، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا، سلێمانی.
٩- نووسین و وەرگێڕانی دەیان وتار لە بوارەکانی سیاسەت و فەرهەنگ و ئەدەب لە ڕۆژنامە و حەفتەنامەکانی هەرێمی کوردستان.
ئامادەی چاپ:
نووسین و ئامادەکردن:
١- جادەکان دەگەنە دەریا، کۆمەڵە شیعر.
٢- کەشکۆڵی بەندی کوردی، کۆکردنەوە، بە هاوکاریی سووسەن کەنعانی.
وەرگێڕان:
١- ژیانێکی تر، کورتە چیرۆکی ئیتالیایی (ئەلبێرتۆ موراڤیا). وەرگێڕان لە فارسییەوە.
٢- دزیی ئەدەبی ڕۆمان، نووسینی هانری تروایا، وەرگێڕان لە فارسییەوە.
٣- زستانی تووش، ڕۆمان، نووسینی ئیسماعیل کادارێ، وەرگێڕان لە فارسییەوە.