کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێروزاڵم پۆست: قەتەر دوو حەفتە دەرفەتی بۆ ڕێگری لە هێرشی ئەمریکا بەدەست هێناوە

08:25 - 20 خەزەڵوەر 2726

لە کاتێکدا مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان واشنگتۆن و تاراندا گەیشتووەتە لووتکە، دەوڵەتی قەتەر وەک نێوبژیوانی سەرەکی، دەرفەتێکی کاتیی دوو حەفتەیی بۆ بەردەوامیی هەوڵە دیپڵۆماسییەکان و بە ئامانجی ڕێگری لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەدەست هێناوە.

ڕۆژنامەی "جێروزاڵم پۆست" بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بڵاوی کردەوە کە شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) لە پاریس ڕایگەیاندووە، دۆحە دوای دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆککۆمار لە کۆشکی سپی، توانیویەتی ئەم دەرفەتە دوو حەفتەییە بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی شەر بەدەست بهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترامپ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئاماژەی بە بوونی هەندێک جموجۆڵ بۆ کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوونەکان کردووە، بەڵام هاوکات جەختی کردووەتەوە کە توانای سەربازیی ڕێژیمی ئێران تا ئاستێکی زۆر لەنێو براوە و دەستی ئەمریکاش بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر کراوەیە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکوەزیرانی قەتەر، سەرەڕای ئەم دەرفەتە دیپلۆماسییە، ناکۆکیی قووڵ لە نێوان تاران و واشنگتۆندا ماونەتەوە کە سەرەکیترینیان بریتین لە ڕیزبەندیی جێبەجێکردنی مەرجەکان، بەتایبەت لادانی گەمارۆی دەریایی، چارەنووسی دۆسییەی ئەتۆمی، ئازادکردنی سەرمایە بلۆکەکراوەکانی ئێران و بنبەستی متمانە لە نێوان هەر دوو لایەندا.