کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا دژی سێ سیخوڕی ڕێژیمی ئێران بە تۆمەتی تێرۆر لە بریتانیا سکاڵای تۆمار کرد

08:28 - 20 خەزەڵوەر 2726

وەزارەتی داد و دادوەریی گشتیی ئەمریکا بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە داڕشتنی نەخشەیەکی تێرۆریستی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شاهانەی "فێرفۆرد" لە بریتانیا، سکاڵای فەرمیی دژی سێ سیخوڕی سەر بە ڕێژیمی ئێران تۆمار کرد؛ بنکەیەک کە لە ڕەوتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاراندا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکار دەهێنرێت.

تاد بلانش، دادستانی گشتیی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە تۆمەتباران "محەممەدباقر سەعد داوود ئەلساعدی"، "موحسێن موهاجیری" و "محەممەدعەلی ئەلحەسەنی" بەهۆی هاوکاریی دەستە و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە بنکەیەکی سەربازیی هەڵگری هێزەکانی ئەمریکادا، لەلایەن واشنگتۆنەوە دەسبەسەر دەکرێن و سزا دەدرێن.

دادستانی گشتیی جەختی کردەوە کە وەزارەتی داد وەک ئەرکێکی بەردەوام، کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە تێرۆریستییەکانی سەر بە ئێران و پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکا دەکات.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە پۆلیسی بریتانیا ڕۆژی ٥ی ڕەزبەر، پێنج کەسی لە نزیک بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد" لە باشووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە، بە گومانی ئەنجامدانی تاوانی پەیوەست بە ماددە تەقینەوەکان و تێرۆریزم دەسبەسەر کرد.

بەرپرسانی بریتانیش پێشتر بەڵگەی بەشداریی ڕاستەوخۆ و ڕۆڵی ڕێژیمی ئێرانیان لەم کارەدا ئاشکرا کردبوو، سەرەڕای ئەوەی تاران ڕەتی کردووەتەوە بەڵام دۆسییەی دادگای ئەمریکا جارێکی دیکە پەردەی لەسەر کارنامەی تێرۆریستیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانیدا لادا.