کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل: کۆماری ئیسلامی مەترسییەکی بەربڵاو بۆ سەر جیهانە

08:11 - 20 خەزەڵوەر 2726

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ مەترسییە بەردەوامەکانی ڕێژیمی تاران ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا مەترسییەکی گەورەیە و ئاقاری هەڕەشەکانی زۆر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێدەپەڕێت.

لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا هاتووە: "هەركەسێک وا بیر بکاتەوە کە ئەم ڕێژیمە چیتر مەترسی نییە، پێویستە بە شێوەیەکی جیددی پێداچوونەوە بۆ تێگەیشتنی خۆی بەرانبەر بە ڕاستیی ئاڵۆزییەکان بکاتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بە بەڵگە نوێیەکانی هەڕەشەی ڕێژیم داوە و ڕایگەیاندووە کە فەرانسە سپای پاسدارانی بە ئەنجامدانی هێرشی سایبێریی بەربڵاو بۆ سەر ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە تۆمەتبار کردووە؛ لە هەمان کاتدا فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکاش بەهۆی مەترسی و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێرانەوە لە بنکەکانی خۆیان لە بریتانیا گواستراونەتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە کە پشتگوێخستن و چاوپۆشیکردن لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی نابێتە هۆی لەنێوچوونی ئەو هەڕەشانە، بەڵکوو تەنیا ڕەوشەکە مەترسیدارتر دەکات و بۆ تێکدانی ئەمنییەتی نێودەوڵەتی دەستکراوەتریان دەکات.