کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: کۆماری ئیسلامی مانگانە ۵٠ مووشەکی بالیستیک بەرهەم دەهێنێت

08:31 - 20 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی "بلومبێرگ" کە بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە ڕۆژاواییەکان ئامادە کراوە، سەرەڕای تێکچوونی بەشێکی بەرچاو لە ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمیی ئێران لە ڕەوتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا خاوەنی لانیکەم هەزار و ٧٠٠ مووشەکی بالیستیکە و لە هەلومەرجی ئێستاشدا توانیویەتی ڕێژەی بەرهەمهێنانی بگەیەنێتە نزیکەی ۵٠ مووشەک لە مانگێکدا.

بلومبێرگ ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕێژەیەی ئێستا نزیکەی نیوەی توانای بەرهەمهێنانی ئێرانە لە قۆناغی پێش شەڕدا، بەڵام تا ئاستێکی بەرچاو توانای وڵامدانەوە و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ تاران پاراستووە.

ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە پیت هێگسێت، وەزیری شەڕیی ئەمریکا جەختی لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کردووەتەوە و ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە ٨٠٪ی ژێرخانی پیشەسازیی ئەتۆمیی تاران تێکشکێندراوە؛ بەڵام شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵگرتنی پارچە و کەرەستەی یەدەگ لە کۆگاکانی ژێرزەوی، ڕێگەی بە ڕێژیم داوە مۆنتاژکردنی مووشەکە سووتەمەنی شل و ڕەقەکان درێژە پێ بدات.

لەلایەکی دیکەوە، پشتبەستن بە وێنە ماهوارەییەکان نیشانی دەدات کە لە بنکە سەربازییەکانی وەک شاهروود، گەرمدەرە، پارچین و خوجەیر، هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی کەلێنەکان و دروستکردنی بۆشایی و تۆنێلی ژێرزەوی بەردەوامن.

هاوکات لەگەڵ ئاشکرابوونی ئەم ڕاپۆرتە، سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی دیمەنی شارە مووشەکییە ژێر زەوییەکانیەوە هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی نوێی کردووە.

لە ڕەهەندێکی دیکەی ململانێکاندا، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی لە دەستپێکی تێکهەڵچوونەکانەوە زیاتر لە ٤ هەزار و ٩٠٠ دڕۆنی شاهید و ٢ هەزار و ٢٠٠ مووشەکی بالیستیک ی هاویشتووە.

ئەم ڕێژە بەرزەی هاویشتن بووەتە هۆی بەکارهێنانی لانیکەم هەزار مووشەکی بەرگریی پاتریۆتی ئەمریکایی کە تێچووی هەر یەکێکیان ٤ میلیۆن دۆلارە.

ئەم دۆخە لەکاتێکدایە کە واشنگتۆن ستراتێژیی درێژەدان بە گەمارۆی ئابووری و سەپاندنی تێچووی وێرانکەری لە جێگەی فراوانکردنی شەڕی سەربازی هەڵبژاردووە.