ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، کۆنفرانسێک بە بەشداریی پارت و ڕێکخراوە نەتەوەییەکانی باکووری کوردستان و ۱۷۰ کەسایەتیی سیاسیی کوردستانی بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانیی نەتەوەیی بەڕێوە چوو.
کۆنفرانسەکە بە سرودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدان دەستی پێکرد.
ئەم هەنگاوە گرنگە کە لە ئەنجامی هەوڵێکی دوورودرێژدا نراوە، بۆ گەلی کورد قۆناغێکی نوێ و مێژووییە.
ئامانجی سەرەکیی هاوپەیمانییەکە پاراستنی مافە بنەڕەتییە نەتەوەییەکان و چارهنووسی نەتەوەی کورد لەسەر خاکی کوردستان و بەدەستهێنانی ستاتۆیەکی سیاسیی سەربەخۆیە. هاوپەیمانییەکە دەیەوێت پەیوەندیی دیالۆگ و پشتیوانی لە نێوان تەواوی هێزەکانی چوار پارچەی کوردستاندا بەهێز بکات.
لە ئەنجامی کارەکانی ئەم کۆنفرانسەدا، ئەنجومەنێکی ۵۱ کەسی هەڵبژێردرا و بڕیارە لە یەکەم کۆبوونەوەدا، کۆمیتەی بەڕێوەبەری کە لە ۹ کەس پێکهاتووە دیاری بکرێت.
لە کۆنفرانسەکەدا ڕەشنووسی بەرنامە، ئامانج، سیاسەتی هاوپەیمانییەکە و پەیڕەوی ناوخۆ بە یەکدەنگی پەسەند کران.
پارتە بەشداربووەکان بریتی بوون لە:
ئینسیاتیڤی نەتەوەیی کوردستان
پێڵکورد
پارتی دێموکراتی کوردستانی باکوور
پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)
ڤەژین
١٧٠ کەسایەتیی سەربەخۆی کوردستانی
دوای ئەنجامەکانی کۆنفرانس و دامەزراندنی هاوپەیمانیی نەتەوەیی، ئەم مژدە دڵخۆشکەرە لەلایەن پارت، بزووتنەوە، دەزگا کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکانەوە لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە.
هاوپەیمانییەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای لە تەواوی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆشنبیران و سیاسییەکان کرد کە لە دەوری ئامانجە هاوبەشەکان یەک بگرن و لەبری جیاوازییەکان، خاڵە هاوبەشەکان بەهێز بکەن. هاوپەیمانییەکە دەیەوێت بەم ئیرادە هاوبەشە پاشەڕۆژی گەلی کورد لەژێر چەترێکی دێموکراتیکدا بەرهەم بهێنێت و بەڕێوەی ببات.