کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۱۰ شاری پارێزگای سنە هێشتا کتێبخانەیان تێدا نییە

08:09 - 20 خەزەڵوەر 2726

بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای سنە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەبۆنەی حەفتەی کتێبەوه، ئاماژەی بە کەمیی ژێرخانەکانی کتێب خوێندن لە پارێزگاکەدا کرد و ڕایگەیاند کە لەحاڵێكدا ۱۰ شار و ۱۲ گوندی سەروو ۲ هەزار و ۵۰۰ کەسی لە پارێزگای سنە کتێبخانەیان تێدا نییە، گەشەپێدانی دادپەروەرانەی خزمەتگوزارییە ڕۆشنبیرییەکان پێویستی بە تەرخانکردنی بودجە و هاوکاریی خێرخوازان هەیە.

مەعسوومە حەسەنی خوونسار ڕایگەیاند، لە ئێستادا لە سەرانسەری پارێزگای سنەدا ۵۶ کتێبخانەی گشتی و ۲۵ کتێبخانەی هاوبەش چالاکن کە نزیکەی یەک میلیۆن بەرگ کتێب لەخۆ دەگرن و زیاتر لە ۵۰ هەزار کەس لە خزمەتگوزارییەکانیان سوودمەند دەبن. هەروەها ڕووبەری گشتیی کتێبخانەکانی پارێزگاکە ۲۶ هەزار و ۵۶۵ میتری دووجایە و ۱۵۱ کارمەند خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

لە کۆتاییدا ناوبراو جەختی لە گرنگیی بەشداریی خێرخوازان کردەوە، لە کاتێکدا ئامارەکان (لەوانە بوونی ۲۵ کتێبخانەی هاوبەش) ئاماژە بەوە دەکەن کە حکوومەت تا ئاستێکی زۆر شانی لە ژێر بەرپرسیارەتییەکانی خاڵی کردووە.

لە ڕاستیدا گەشەپێدانی کەرتی کتێبخانەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ڕوانینی ڕۆشنبیریی هاووڵاتییان، ئەرکی سەرەکی و بنەڕەتیی دەسەڵاتە کە بەهۆی کەمتەرخەمی و گرنگینەدان بەم بەشە گرینگە، تا ئێستا پشتگوێی خستووە و جێبەجێکردنی خستووەتە سەر بنەمای چاوەڕوانیی یارمەتیی خێرخوازان .