کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژە تەواونەکراوەکانی پارێزگاکانی کوردستان کۆتاییان نایەت

12:09 - 10 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی ٨ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پرۆژەی نەخۆشخانەیەکی پارێزگای ئیلام کە ٣٧٦ تەخت لەخۆ دەگرێت، هێشتا ئەم پرۆژەیە تەواو نەکراوە و شوێنی ئەم نەخۆشخانەیەش مەترسیی لافاوی لەسەرە.

لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە پارێزگای ئیلامدا، دروستکردنی پرۆژەی نەخۆشخانەیەکی ٣٧٦ تەختی دەستی پێکرد و ئێستاش دوای تێپەڕینی ٨ ساڵ، هێشتا ئەم نەخۆشخانەیە تەواو نەکراوە و تەنیا ئیسکلێتێکی لێ هەیە.

سەرەڕای تەواونەکرانی ئەم پرۆژەیە، شوێنی بونیادنانیشی لەنێو یەکێک لە زەوییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکیی شاری ئیلامدایە و لە کاتی بارانباریندا مەترسیی هاتنی لافاوی لەسەرە.

ئەم پرۆژەیە  بە هاوبەشی لە لایەن وەزارەتی ڕێگاوبان و وەزارەتی تەندروستییەوە بونیاد نراوە و یەکێکی دیکەی ئەو ڕەخنانەی کە بەرۆکی ئەم پرۆژەیە دەگرێت، ئەو مەودا زۆرەیە کە لەگەڵ شاری ئیلامدا هەیەتی.

لە کاتێکدا شار و ناوچە پەراوێزنشینەکانی ئێران کە زۆرترینیان ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە نەتەوە غەیرە فارسەکان تێیدا ژیان دەکەن، بەدەست کەمیی نەخۆشخانە یاخود پرۆژە تەواونەکراوەکانەوە دەناڵێنن، هەر بە قسەی خودی بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە، لە چەند وڵاتێکی ئافریقادا، ناوەندی دەرمانییان دروست کردووە و خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی خەڵکی یەمەن، لوبنان و فەلستین و چەندین وڵاتی دیکە کردووە و دەکەن.