کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتگوێخستنی پسپۆڕان و خوێندەواران، ڕێژەی بێکاریی زیاد کردووە

16:57 - 5 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی ئابووری پشتگوێخستنی پسپۆڕان و خوێندەوارانی به هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی بێکاری ناوبردووە؛ ئەم مامۆستایە وتوویەتی: نرخی بێکاری لە بەهاری ٩٦ەوە تا بەهاری ٩٧، لە ١١ لەسەدەوە  گەیشتووەتە ١٤/٩ لەسەد.

فەرشاد سەلیمی، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی ئازادی ورمێ، لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا، بە ئاماژە کردن به نرخی بێکاری وەکوو یەکێک لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری، باسی لەوە کردووە کە دەرچووانی زانکۆ لە ئاستی خوێندنی باڵادا، ٣٦/٤ لەسەدی کۆی گشتی بێکارەکان دەگرێتەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە نرخی بێکاری لە بەهاری ٩٦ەوە تا بەهاری ٩٧، لە ١١ لەسەدەوە گەیشتووەتە ١٤/٩ لەسەد.

سەلیمی لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئابووریی ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا تووشی کێشەی زۆر بووە و سەرچاوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ زۆربوونەوەی حەشیمەت لە دەیەی ٦٠دا؛ ناوبراو هەروەها بە ڕەخنە گرتن لە دەوڵەت وتی: دەوڵەت لە جیاتی کۆنتڕۆڵ کردن و کەمکردنەوەی بێکاری بە لەبەرگرتنی سیاسەتی هەڵە کێشەکەی زیاتر و قووڵتر کردەوە؛ بەرپرسان دەبێ بزانن کە زۆرینەی کێشەکانی کۆمەڵگا، لە بێکارییەوە سەرچاوە دەگرن."

ئەم مامۆستایە، کێشەگەلێکی وەک: چوونەسەرەوەی تەمەنی هاوسەرگیری، زۆربوونەوەی تاوان و جینایەت، گەندەڵی، جیابوونەوە، کەمبوونەوەی نرخی گەشەی حەشیمەت و پیری حەشیمەتی کۆمەڵگای ئێرانی بۆ مەسەلەی ئیش وکار گەڕاندەوە .

ناوبراو هۆکارەکانی زۆربوونەوەی بێکاریی زیاتر لە هەر شتێک پشتگوێخستنی هێزی پسپۆڕ، کارزان و خوێندەوار ناو برد و وتی کە ئەم پشتگوێخستنە چوونەسەرەوەی ڕێژەی بێکاری و کەمبوونەوەی بەشداریی ئابووریی بەدواوە دەبێت.

ئەم مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی به زۆربوونەوەی مۆڵەتی دامەزراندنی زانکۆکان و گرینگی دان به بڕوانامە بۆ سەرپۆش دانان بە سەر کێشەی بێکاریدا کردووە و وتوویەتی گرینگیدان به خزمایەتی لە جیاتی ئەرکی پێئەسپێردراو لە بردنەسەر کاری تاکەکان و ئەوەیکە بەرپرسەکان خۆیان چەندین کاری جیاواز بە مووچەی زۆریان هەیە و هەروەها دانی یارانە ناتوانێ کێشەی لاوەکان چارەسەر بکات.

سەلیمی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی شێوازی ئامارگیری لە لایەن دەسەڵاتەوە کردووە که بە گشتی حەشیمەتی خوێندکار، قوتابی، سەرباز، فێرکار و تەنانەت ئەو کەسانەی کە بە بێ پارە و لە ڕووی خزمایەتییەوە کار بۆ خزمێکی خۆیان دەکەن و هەروەها ئەوانەی کە حەفتەیەک یەک کاتژمێر کار دەکەن وەکوو کەسانی خاوەن کار و پیشە بە ئەژمار دێنێت، که ئەم کارەی بۆ کەم نیشاندانی ئاماری ڕێژەی بێکاری ناو بردووە.

ئەم کارناسە ئابوورییە سەرەڕای ئاماژە بە خاڵەکانی سەرەوە، کێشەی پرسیارەکانی تاقیکارییە پێوەندیدارەکان بە دامەزراندنیشی پڕ لە هەڵە ناو برد و جەختی کردەوە کە پرسیارەکان هیچ پێوەندییەکیان به بیاڤی پسپۆڕی بەشداربووانەوە نییە و لە ئاستی تاقیکارییەکانی ناوەندی و دواناوەندیدان کە لە ئاکامی ئەم کارەدا بۆ کارە لێزانییەکان کەسانێکی ناپسپۆڕ و ناشارەزا دیاری دەکرێن.