کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی لە کۆبانێ لە کوردستانی ئێران درێژەی هەیە

15:32 - 24 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی ئورمیە و خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، بە بەڕێوەبردنی رێپێوان و کۆبوونەوە پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆیان لە کۆبانێ دووپات کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەک لە زانکۆی کوردستان و لەلایەن خوێندکارانی ئەم زانکۆیەوە، کردەوەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشیان محکووم کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە زۆربەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی کوردستان (لە سنە) بەشداربوون، پشتیوانی و پاڵپشتیی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە کۆبانێ راگەیاندرا.

پێش لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکەی خوێندکارانی زانکۆی سنە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە بە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆبوونەوەیە راگەیەندرابوو کە مافی دروشمی ناسیونالیستیـتان نییە و درۆشمەکان دەبێ دژی دەوڵەتی تورکیە بن.

هەر لەو پێوەندییەدا، رۆژی چوارشەممە و هاوکات لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی ئورمیەش بۆ چوارەمین جار لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، بە رێپێوان، لەسەر پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆیان لە کۆبانێ پێداگرییان کرد و کردەوەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشیان مەحکووم کرد.

ئەم رێپێوانە کە کاتژمێر٤ ی دوانیوەڕۆ لە کۆتایی شەهرەکی دانشگا (پارکی مەهتاب) دەستیپێکرد و بە لای تاکسی ساسان و پاشان لە مزگەوتی محەممەد رەسول‌ئەڵڵا و شەقامی عەتار تا کۆتایی شەقامی جنووبی دریژەی کێشا.

بەشداران لەم رێپێوانەدا دروشمی پشتیوانی لە کۆبانێـیان وتەوە و کردەوە دڕندانەکانی گرووپی داعشیان مەحکووم کرد.

پاش دەستپێکی پشتیوانیی هاووڵاتییانی کورد لە کۆبانێ، چین‌وتوێژە جیاجیاکانی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر لە کۆبانێ پشتیوانییان کرد و هاودەردیی خۆیان بە خەڵکی کۆبانێ راگەیاند.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، شاعیران و سینەماکارانی کرد بە دەرکردنی بەیاننامە و پێشکەش کردنی خەڵاتەکانی خۆیان بە کۆبانێ، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دەربڕی.
منداڵانی کوردیش بە بەشداری لە رێپێوانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ و هەروەها خوێندنەوەی شێعر و پێشکەش کردنییان بە منداڵانی کۆبانێ، لەگەڵ منداڵانی ئەم شارە هاوخەمییان نواند.

هەر لەم پێوەندییەدا، هانا ئەڵماسی منداڵێکی ٦ ساڵەی خەڵکی کرماشان، پارچە شێعرێکی پێشکەش بە منداڵانی کۆبانێ کرد.

هێزەکانی رێژیمی ئێران لە سێشەممەی حەفتەی رابردوو، ١٥ی رەزبەی ١٣٩٣ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا بە هۆی بەشداری لە رێپێوانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە شارەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها تاران، زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە.

بە بەرێوەبردنی رێپێوان و کۆبوونەوە و پشتیوانی لە کۆبانی لە شارەکانی کوردستانی ئێران، شەپۆلی دەستبەسەرکردن و بانگهێشتی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە دەستی پێکردووە و هەروا درێژەی هەیە.