مەلا برایم مەجیدپوور
لە بەرەبەیانێکی زۆر زوودا، یەکێک بەقەو لەپەنجەرەی دیوەکەم دەدا، لەخەوێکی خەوناویدا ڕایپەڕاندم، ئـای خوایە چی ڕویـداوە! هـاوڕێی بـەڕێـزم کاک جەعفەری حامیدی نوێنەری حیزب لە سولەیمانی، بەدەنگێکی تێکەڵ بەگریانەوە بانگم دەکاو دەڵێ هەستە ماڵمان خرابوو دوکتور قاسملوو شەهید کراوە .
ئەوە من دەچم بۆ دەفتەری سیاسی ئەتۆش هەستە بچۆ دەفتەر، وڵامی پرسیاران بدەوە، ئیتر ڕۆیشت. لەش دەلەرزێ، دڵ دەتەزێ، مێشک و دڵ قفڵ کراون، هەنگاو شلە فرمێسک لە چاودا قەتیس ماوە؛ هەواڵەکە دڵتەزێنە، ڕێبەرمان خەڵتانی خوێنە. خۆزیا خەوەکەم یەکجاری باو ئەو هەواڵەم نەبیستایە .
لە ٢٢ی پوشپەڕدا خوێنمژانی کۆماری غەدر و جینایەت کارەساتێکیان خوڵقاند کە مێژوو لەوە نامرۆڤانەتری بە خۆیەوە نەدیوە. لەو ڕۆژەدا قین لەزگانی بێبەش لە هەموو بەهایەکی مرۆڤانە کەسێکیان لە خوێن گەوزاند کە بە پێغەمبەری ئاشتی ناسراوە. مرۆڤکوژەکانی دەست پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوور لەهەمو یاساو قانونە نێودەوڵەتییەکان و ئەخلاقی ئینسانی لەسەر میزی وتووێژ بۆ سوڵح و ئاشتی رێبەری مەزنمان وهاوڕێی بەوەفای ڕێبەر کاک عەوڵای قادریئازەریان تیرۆر کرد. ئەوانە بوونە قوربانی گەورەو کەم وێنەی خەبات بۆ ڕزگاری گەلێک، لەڕێگای وتووێژ و ئاشتی.
دوژمن لە حاند خەباتی ڕەوای گەلەکەمان داماوە، هەزاران تەون و بەست و پیلانی بەڕێوە بردوە بەڵام تێماوەو سەری لە بەردی چیا بەرزەکانی کوردستان داوە.
دوژمن بەخەیاڵی خاوی کە ڕێبەر لەناو بەرێ ئیدی کار تەواوە ! بێخەبەر لەوەی هەستی نەتەوایەتی و خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی دەگەڵ خوێنی گشت تاکێکی کورد ئاوێتە کراوە. لەوە تێنەگەیشتوە ماف دەگەڵ مرۆف لەدایک دەبێ، نە ئی کەسەو نە کەسیش پێیداوە .
ڕژانی خوێنی بەناهەق وەک بارانی پەڵە وایە هەرجارێ کە دەڕژێ دەشت و چیای کوردستانی پێ ئاو دراوە، بە هەر دڵۆپێکی دارێکی هیوا شین بووە و لق و پۆپی بە هەموو کوردستاندا بڵاوە.
ڕژانی ئەو خوێنە گەشانە هەقانیەتی خەباتی ڕەوامان دەسەلمێنن؛ ئەو نەزانانە وادەزانن بە شەهید کرانی ڕێبەر، ئیتر خەباتێک نەماوە. با باش بزانن ئەگەر ڕێبەر شەهید بووە ، گەل زیندووە. مافێک کە بە پێی هەمو قانون و یاسایەک جگە لە حوکمی داگیر کەران ڕەوایە و سەلمێندراوە . تاگەل هەبێ کە هەر دەمێنێ، سوپایەکە بەورەو ئیرادەو بەغیرەت وعەقڵ و مەنتیقەوە لە داگیر کەران ڕاساوەو نەبەزیوە، وەک چیا بەرزەکانی کوردستان قورس وقایم ڕاوەستاوە. مـن دڵنیام ڕێبازی قاسملوو وەک ژەکی دایکانی کوردستان وایە ، کچان وکوڕانی ئەو گەلەی پێ فرچک دراوە، سەرئەنجام سەردەکەوێ.
بەبۆنەی ساڵوەگەڕی ئەو بۆنە تاڵە، ئەو ئێشە لەبیرنەکراوە، سڵاوێکی دڵ بریندارانە لە ڕوحی پاکی ڕێبەری شەهیدمان دوکتور قاسملوو، کاک عەوڵای قادریئازەر یاوەری هەمیشەیی ڕێبەر ، لە سەرجەم شەهیدان و بنەماڵەکانیان، لە بەندییە سیاسییەکان وسەرجەم گەلی کوردستان بەتایبەت خوشک و برایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوڕێ و هاوسەنگەران دەکەم و ئاواتەخوازم ئاواتی ئەو شەهیدانە بێتە دی و فەرامۆش نـەکرێ، ڕێگایان تـا سەرکەوتن پـڕڕێبوار بێ.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.