![](/content/upload/1/news/49027_w920.jpg)
پچڕانی بەرق لە ئێران بەگشتی و لە کوردستاندا بەتایبەتی، خەڵکی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە، لە حاڵێکدا کە هیچ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیم گرینگی بەو دۆخە نادات و خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.
ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ بوونی هەڵاواردنێکی دیار و بەرنامە بۆداڕێژراو بەنیسبەت شێوەی دابەشکردنی بەرق لە شارەکاندا کە هێندەی دیکە باری دەروونیی خەڵکی تێک داوە.
بەهۆی پچڕانی بەردەوام و لە ناکاوی بەرق لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەت لە شار و دێهاتەکانی کوردستان زۆربەی کارگە بچووکەکان و دوکانەکان و وەرزێڕان ناتوانن درێژە بە کارەکانیان بدەن و بەم هۆیەوە تووشی زیانێکی ماددیی زۆر بوونە.
پچڕانی بەرق بۆ ماوەی ٢ هەتا زیاتر لە ٤ کاتژمێر درێژەی هەیە، ئەوش لە حاڵێکدایە کە شێوەی جیرەبەندیی بەرق لەنێوان گەڕەکەکاندا جیاوازیی هەیە.
بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەریی دروست و ناکارامەیی ڕێژیم لە دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، هاواری ناڕەزایەتیی زۆربەی خەڵکی ئێران و کوردستان بەرز بووەتەوە و هەر ڕۆژە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و کوردستان خەڵک کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.