کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئو: ئامریکا وڵامێکی بەبڕشت بە ڕێژیمی ئێران دەداتەوە

11:48 - 24 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دوای بەرکەوتنی چەند ڕاکێت لە پایەگایەکی نیزامی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە هەمبەر ئەگەری هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق هۆشداریی بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دا.

لە دوای بەرکەوتنی چەندین ڕاکێت لە پایەگایەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کە برینداربوونی ٥ کەس لە هێزەکانی عێراقی لێکەوتەوە، ''مایک پۆمپێئو''، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ئەم هێرشانەی بەتوندی مەحکووم کرد.

ڕۆژی هەینی ٢٢ی سەرماوەز، ''پۆمپێئۆ'' لە پەیامێکی تویتێریدا بەنیسبەت دەستێوەردانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئەو هێزانەی کە لەلایەن ڕێژیمەوە پیشتیوانییان لێ دەکرێت، هۆشداریی دا.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئەگەر ڕێژیمی ئیران یان گرووپە میلیشیاکانی زیان بە ئێمە بگەیەنن، ئامریکا وڵامێکی بەبڕشت بە ڕێژیمی ئێران  دەداتەوە

پێشتریش بەرپرسێکی باڵای نیزامیی ئامریکا هۆشداریی دابوو کە هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ بنکە و پایەگاکانی ئامریکا لە عێراقدا، هەموو لایەنەکان بۆ چوونە نێو قۆناغێکی دژوار کە کۆنترۆڵکردنی سەختە، نزیک دەکاتەوە.

ئەم بەرپرسە نیزامییەی ئامریکا باسی لەوە کردبوو کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە حاڵی نزیکبوونەوە لە هێڵی سوورێکن کە هاوپەیمانان وڵامێکی بەهێزیان دەداتەوە کە ئاکامەکەی بۆ هیچکەس دڵخۆشکەر نییە.