کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: بۆ ڕاگرتنی پشتیوانییەکانی ئێران لە تێرۆریزم، گوشارەکان زیاتر دەکەین

12:14 - 7 گەلاوێژ 2720

''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی، ئامریکا لە ساڵی ڕابردووەوە بۆ پێشگرتن لە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم و هەوڵە تێکدەرانەکانی، گوشارەکانی بۆ سەر ئەو ڕێژیمە زیاتر کردووە.

قسەکانی ''پۆمپێئۆ'' بەبۆنەی ٢٣١ـەمین ساڵیادی دامەزرانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە پەیامێکدا بڵاو بووتەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە کە دەوڵەتی ئامریکا گوشارە لەڕادەبەدەرییەکانی لە ڕێگای چڕکردنەوەی گەمارۆکان و هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بە ئامانجی بەرەنگاری لەگەڵ دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی و کۆنترۆڵی نفووزی ڕێژیم لە ناوچەدا درێژە پێ دەدات.

ئامریکا ڕێژیمی ئێران بە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم و ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە دەزانێت و لە چەندین مانگی ڕابردوودا هەوڵێکی بەربڵاوی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستووە.

ئامریکا ساڵی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتنی بەرجام هاتە دەرەوە و لە هەوڵدایە لە ڕێگای شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکانەوە گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران درێژ بکاتەوە کە لەم ڕاستایەدا لەگەڵ دژایەتیی ڕووسیە و چین بەرەوڕوو بوونەتەوە.