کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: خەڵک لە ڕێژیمێک کە مافە سەرتاییەکان و کەرامەتی مرۆڤ پێشێل دەکات، ماندوو بوونە

12:36 - 29 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە ئاخافتنێکدا لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئازاردانی خۆپیشاندەران، پێشێلکردنی مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان و بنەماڵەی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنیی هێنایە بەر باس.

''مایک پۆمپێئۆ''، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز، لە ئاخافتنێکدا لە دانیشتنی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، جەختی کردەوە کە ئاوڕنەدانە و بێڕێزیی ٤٠ ساڵەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مافی شارۆمەندانی ئێران نەیتوانیوە پێش بە ئازادییەکان بگرێت.

"پۆمپێئۆ" باسی لەوە کرد، خەڵکی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر ڕایانگەیاند لە  ڕێژیمێک کە مافە سەرتاییەکان و کەرامەتی مرۆڤ پێشێل دەکات، ماندوو بوونە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتی: "ڕێژیمی ئێران پارەی خەڵک دەدزێت، بەهاییەکان و سونە مەزهەبەکان زیندانی و ئەشکەنجە دەکرێن. خەڵکی ئێران بەهۆی دەسەڵاتدارانی زاڵمی ئەو وڵاتەوە لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا دەژین. ئێمە لە کەرامەت و ئازادی خەڵکی ئێران بەرگری دەکەین".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وێڕای ئاوڕدانەوە لە کوشتارەکانی ساڵی ٦٧، ٧٦ و ٨٨ی هەتاوی، باسی لەوە کرد کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە، ڕێژیمی ئێران زیاتر لە هەزار کەسی کوشت و ئینتەرنێتیان داخست هەتا جیهان ئاگاداری ئەوە نەبیت کە لە ئێراندا چ تاوانێکی دڕندانە ڕوو دەدات.

هەروەها "مایک پۆمپێئۆ" ئەوەشی خستەڕوو کە نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییەکانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداری، دوو دادوەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە ناوەکانی 'دادوەر "موقیسە'' و دادوەر "سەڵواتیـ''ـی بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و زیندانیکردنی سەدان چالاکی مەدەنی و سیاسی تەحریم کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی پێشوو و ئێستای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە سەرکوتی خەڵکدا دەستیان هەبووە، لەگەڵ بنەماڵەکانیان، سەفەرکردنیان بۆ ئامریکا سنووردار دەکرێتەوە. ناوبراو وتی: "کەسانێک کە منداڵی خەڵک دەکوژن، مافی ئەوەیان نییە منداڵی خۆیان بۆ ئامریکا بنێرن".