کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ ڕێبەری ڕێژیمی تارانی بە تاوانبار ناساند

12:45 - 8 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران تاوانباری شەڕی یەمەنە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، پۆمێئۆ،  خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی تارانی بەوە تاوانبار کرد کە ناوبراو بە پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن، پەرە بە قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا دەدات.

پۆمپێئۆ باسی لەوە کردووە، خامنەیی دەبێت وڵامدەری قەیرانی مرۆیی لە یەمەن بێت.

"مایک پۆمپێئۆ" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە حوسییەکانی یەمەن نە تەنیا هەل بۆ ڕێژیمی ئێران دەڕەخسێنێت کە هێرش بکرێتە سەر سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەڵکوو پەرە به قەیرانی مرۆییش لە یەمەن دەدات.

میلیشیا حووسییەکان لە یەمەن کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، چەکوچۆڵ و مووشەکی بالستیکی بۆ لێدانی حکوومەتی یەمەن و بەتایبەت عەرەبستان وەردەگرن و هەوڵ بۆ پەرەدان بە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە دەدەن.

ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەو پێشبردنی سیاسەتەکانی خۆی و دەسبەسەرداگرتنی ناوچەکە و تێکدانی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاڵپشتی لوجستیکی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و میلیشیاکانی ناوچەکە دەکات.

ئامریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانییەتی عەرەبی، ڕێژیمی ئێرانیان بەوە تاوانبار کردووە کە بە مەبەستی تەیار و بەهێزکردنی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، مووشەک، چەکوچۆڵی سەربازییان بۆ یەمەن بەڕێ کردووە.

سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتریش باسی لەوە کردبوو کە کەرەستەی مووشەکیی حووسییەکان دروستکراوی ئێرانە و لەوبارەیەوە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە ڕاپۆرتی دوو ساڵانەی خۆیدا باسی لەوە کرد هێشتا بۆیان ڕوون نەبووەتەوە ئەو چەکوچۆڵانە چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە گەیشتووەنەتە دەستی حوسییەکان.

سەرهەنگ "تورکی مالکی"، وتەبێژی هاوپەیمانییەتی عەرەبی پێشتر لە پرێسکۆنفراسێکدا ڕایگەیاندبوو: " ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای بەندەری حەدیدەوە حووسییەکان تەیار دەکات".