کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرۆزبایی کەبوودوەند لە زیندانی ئێڤینەوە بەبۆنەی سەرکەوتنی HDP لە هەڵبژاردنەکانی تورکیە

18:10 - 23 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: محەممەد سدیق کەبوودوەند، سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە نامەیەکدا بەبۆنەی سەرکەوتنی پارتی دێموکراتیکی گەلان لە هەڵبژرادنەکانی تورکیەدا، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی هاوسەرۆکەکانی ئەو پارتە کرد.

دەقی تەواوی ئەم نامەیە بەم چەشنەیە:

پیرۆزبایی کەبوودوەند لە رێبەرانی پارتی دێموکراتیکی گەلان

بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش
رێزدار فیگەن یووکسەکداخ

سەرکەوتنی درەوشاوە و دێموکراتیکی حیزبەکەی ئێوە، حیزبی دێموکراتیکی گەلان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە و تێپەڕینێکی سەرکەوتوانە لە لەمپەڕ و کۆسپەکانی یاسای بنەڕەتیی تورکیه و چوونە ناو پارلمان وەکوو پارتی پارێزەری مافی گەلان و کەمینەکانی تورکیه، بە ئێوە، خەڵکی کوردستانی باکوور و گەلانی تورکیه پێرۆزبایی دەڵێین.

بە هیوای گەییشتن بە کۆمەڵێکی بەرچاو سەرکەوتنی دیکە و گەورەتر لە بەرەی خەبات لە پێناو ئاشتی و دێموکراسی و پارێزەری لە مافی مرۆڤ و مافی گەلی کورد لە کوردستانی باکوور و گەلانی دیکە و کەمینە ستەم‌لێکراوەکانی تورکیه، ئازادبوونی بەڕێز عەبدوڵلا ئوجالان و ئاشتی و ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان و سەرکەوتنی یەک لە دوای یەک بۆ ئێوە و پارتی دێموکراتیکی گەلان بە ئاوات دەخوازین.

تاران، زیندانی ئێڤین
١١ی ژۆئەنی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی (٢١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی)
محەممەد سدیق کەبوودوەند