کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیسبوونی ئاوی گوندی جوانمیری، خەڵکی ژەهراوی کردووە

14:01 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئاوی خواردنەوەی گوندی جوانمیری، سەر بە شاری سەرپێڵ لە پارێزگای کرماشان، بە هۆی چەند جۆر ژەهر و تەنانەت نەوتەوە پیس بووە، کە لە ئاکامدا نەخۆشی و ژەهراویبوونی خەڵکی ئەم گوندەی لێکەوتووەتەوە.

بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆئی لە لایەن خەڵکی گوندی جوانمیریی سەرپێڵەوه، نیشان دەدات کە ئاوی خواردنەوەی ئەم گوندە پیس بووە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت.

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا، یەکێک لە هاووڵاتییان باس لەوە دەکات کە جۆرەکانی ژەهری ڕەنگدار و نەوت و کۆمەلێک شتی دیکە تێکەڵ بە ئاوەکە کراون کە ئاوی خواردنەوەی ئەم گوندەیان پیس کردووە.

ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بە ڕێژەی خراپیی ئەم کردەوەیە باس لە داعش دەکات و لە بەشێک لە قسەکانیدا دەڵێت: "داعش هێرشی کردە سەر عێراق، خەڵکی کوشت بەڵام کاری لەم چەشنەی نەکرد."

هەروەها ڕایگەیاندووە کە چەند کەس لە خەڵکی ئەو گوندەیە بە هۆی خواردنەوەی ئاوەکە ژەهراوی بوونە.

ئەم هاووڵاتییە هەروەها دەلێت: "ئەگەر بسەلمێت کە ڕێژیمی ئیسلامی یان هەر کەسێكی دیکە  لەم کارەدا دەستی هەبووە، دەبێت  خەڵک لە بەرانبەریدا یەکگرتوو بن و ڕێگایان پێ نەدەن و لە نێو قیردا بیانکوڵێنن."