کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشەی بەرهەمهێنانی مریشکی گۆشتی لە ئێران بەهۆی گرانیی کەرەستەی پێویست بەرەو لەنێوچوون دەچێت

11:28 - 26 جۆزەردان 2722

"محەممەد یووسفی" سەرۆکی ئەنجومەنی بەخێوکردنی مریشکی گۆشتی وتوویەتی: "لە هەر مانگدا ١٣٠ ملیۆن جوجکە بەرهەم دەهێنرێت و لە ساڵدا نزیک ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تۆن مریشکی گۆشتی بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ڕێژەیەی بەرهەمهێنان کەمتر دەبێتەوە".

"یووسفی" لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: "دەبیستین دۆخی بەرهەمهێنەرانی وردی مریشکی گۆشتی باش نییە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو دۆخە بۆ هەموو یەکەکانی بەرهەمهێنەری ورد و درشت ئاستەنگ بووەتەوە".

ناوبراو وتوویەتی: "کیلۆیەک مریشکی ٦٠ هەزار تمەنی بە ٤٥ هەزار تمەن، جوجکەی ١ ڕۆژە یەک کیلۆییی ١٠ هەزار تمەنی بە ٣ هەزار و هێلکەی ٤٠ هەزاری بە ٣٠ هەزار تمەن دەکەوێتە دەستی خەڵک. نرخی ژێر بازاڕ هۆکاری ئەوەیە کە بەرهەمهێنەران هاندەرێکیان نییە بۆ بەرهەمهێنانی مریشکی گۆشتی".

سەرۆکی ئەنجومەنی بەخێوکردنی مریشکی گۆشتی باسی لەوەش کردووە: "بەرهەمهێنەرانی مریشکی گۆشتی هیچ حەزێکیان بۆ بەرهەمهێنانی جوجکە نییە و پێشبینی دەکەم لە سێ مانگی داهاتوودا یەکەی بەرهەمهێنان داخرێن".

بەرهەمنەهێنانی جوجکە لە ئێران لە حاڵێکدایە کە خۆراکی مریشک و بەرق و کەرەستەی پێویست بۆ ئەو پیشەیە گران بوون و بەرهەمهێنەران سوودێک لە پیشەکەیان وەرناگرن.