کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشە بچووکەکان لە ئێراندا ڕوو لە نەمانن

11:43 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی ئابووریی لە ئێراندا سەرەڕای کەرتە گەورەکان، کەرتە بچووکەکانیش بەرەو مایەپووچبوون و داخران دەبات.

سادق نەجەفی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی پیشە بچووکەکان و شارۆچکە پیشەیییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە: کە کەرتی پیشە بچووکەکان لە ئێراندا تووشی قەیران بووە و لە ٩٦٨ شارۆچکە و ناوچەی پیشەیی لە ئێراندا، تەنیا ٨٠٦ شارۆچکە چالاکن و ئەوانەی دیکە بەتەواوەتی داخراون.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، کە پیشە بچووکەکان لە ئێراندا، ٩٢ لەسەدی پیشەی ئێران دەگرنەوە و دەوڵەت لە جیاتی پاڵپشتی ئەو بەشە، بە کەمتەرخەمی و بەبێ بەرنامەیی بەستێنی داخران و نیوەداخرانی پیشە بچووکەکانی لە ئێراندا ڕەخساندووە.

بارودۆخی ئابووریی ئێستەی ئێران کە ئاکامی سیاسەت و بەڕێوەبەری هەڵەی ڕێژیمە، بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشی پیشە بچووکەکان کە زۆرینەی پیشەی ئێران لە خۆ دەگرن، بە بەردەوامی بەرەو داخران دەچن و هەموویان لە مەترسیی مایەپووچبوونن و گوشارێکی زۆر بەسەریاندا زاڵە.

هەرچەند ڕێژیم لە پیشە و دەرفەتی پیشەسازی و دامەزرانی پیشە سەرەکییەکان و پیشە بچووکەکان جیا لە ناوەندی ئێران، بەشەکانی دیکەی بۆی گرنگ نەبووە، بۆ نموونە کوردستان کە سەرەڕای پوتانسیلی پیشەییبوون و دامەزرانی شارۆچکە پیشەیییەکان، کەمترین هەوڵی بۆ گەشەی پیشە و ئابووری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات داوە.

بەڵام هەر ئەو بەشە لاوازیشە لە ڕۆژهەڵات تووشی قەیران بووە و پیشە بچووکەکانی کوردستان هەمووی بەرەو داخران چوونە، بۆ نموونە دوو مانگ لەمەوبەر هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، داخرانی تەواوی شارۆچکەی پیشەیی فەرامانی کرماشانیان ڕاگەیاند، شارۆچکەی پیشەیی فەرامان ٢٢٠ هێکتار ڕووبەریەتی و بە هۆی پاڵپشتی نەکردنی دەوڵەت، نەبوونی پارەی نەخت و سەرمایە، قەیرانی بازاڕی ئەرز و ... هەموو یەکە پیشەیییەکانی مایەپووچ بوون و داخران.

شارۆچکەی پیشەیی سنەیش هەر بەو چەشنە، تەنیا چەند یەکەیان کار دەکەن و سەروی ٩٠ لەسەدیان داخراون. لە پارێزگاکانی دیکەی ڕۆژهەڵات هەر بەو شێوەیە یەکە داخراوەکان زۆرترن لە چالاکەکان.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە شارۆچکە پیشەیییەکان لە هەر شارێک وەکوو پێویستی ئەو شارە بۆ گەشەی ئابووری، کار و داهات بە ئەژمار دێن و دڵی ئابووری شارەکانن، بەڵام ڕێژیمی ئێران سەرەڕای دروستکردنی قەیرانە ئابوورییەکان، پاڵپشتی نەکردن لە کەرتی پیشەیی لە سەرتاسەری ئێران، لە ڕۆژهەڵات بە هەڵسوکەوت لەسەر بنەمای بیرۆکەی فاشیستی، نەک گەشەی ئابووریی پارێزگاکان بۆی گرنگ نییە، بەڵکوو بەشێکە لە سیاسەتە دژە مرۆڤانەکانی کە کوردستان گەشە نەکات و سامانەکانی بە تاڵان ببات.