کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانی نوێی ڕێژیمی تاران بۆ مانەوەی لە سووریەدا

12:29 - 2 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی وێرانییەکانی شەڕی نێوخۆیی سووریە، لە لایەن ڕێژیمەکانی ئێران و سووریە، پێشنیار بۆ دامەزراندنی بانکێکی هاوبەشی ئێرانی و سووریەیی کراوە.

ڕێژیمی ئێران کە ڕۆڵێکی گرینگی لە وێرانی و کوشتار لە سووریەدا هەبووە، ئێستا بەتەمایە تا لە نۆژەنکردنەوەی ئەو وڵاتە لەسەر گیرفانی خەڵکی ئێران هاوکاریی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بکات.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتنی نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەزیری بازرگانیی سووریە، وەلیۆڵڵا سەیف، بەرپرسی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران پێشنیاری بونیاتنانی بانکێکی هاوبەشی ئێرانی و سووریەیی کردووە.

ناوبراو لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاندووە: "هیوادارم بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەرێنی و لە سێبەری سەرکەوتنەکانمان، پێوەندییە بانکییەکانی ئێران و سووریە بۆ نۆژەنکردنەوەی وێرانییەکانی سووریە، زیاتر لە جاران چڕتر ببێتەوە".

ناوی ئەو بانکە هاوبەشە، "الامان" واتە ئیمەنییە و لە وڵاتانی عەرەبی یەک دوو دامەزراوەی ماڵی و بازرگانی هەر بەو ناوەدا چالاکی دەکەن.

بەرپرسی باڵای بانکی ناوەندیی رێژیمی ئێران، بە ئاماژەدان بە چالاکییەکانی پەیمانکارانی ئیرانی لە خاکی سووریەدا، داوای کردووە، هەتا کارئاسانی بۆ چالاکیی ئەو پەیمانکارانە لە لایەن بانکەکانی سووریەدا بکرێت.

سەیف هاوکات لەگەڵ پێشنیار بۆ دامەزراندنی ئەو بانکە هاوبەشە ڕایگەیاندووە، کە خەڵکی ئێران لەگەڵ خەڵکی سووریەن و هاوکارییان دەکەن.

ئەو ئیددعایانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە، کە بە ئاشکرا خەڵکی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦دا نیشانیان دا کە نە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و  نە ڕازین کە هێزەکانی ڕێژیم لە سووریە بمێننەوە.

پاش داواکاریی جیهانی بۆ ئەوەی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران خاکی سووریە چۆڵ بکەن، ئەوە چەندەمین هەوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مانەوە و درێژەدان بە چالاکییەکانی لە سووریەیە.

پێشتریش پاش ناچاربوون بە چۆڵکردنی بەرزایییەکانی گوڵان، چەکدارە ئێرانییەکان بە جلوبەرگی سەربازەکانی ئەسەدەوە دووبارە گەڕابوونەوە ئەو شوێنانە، وا پێدەچێ کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک و بەو ئاسانییە نایەوێت خاکی سووریە بەجێ بێڵێت.