کوردستان میدیا: پیلان و پلانە نەگریسەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئسیلامیی ئێران لەسەر کاولکاریی سروشتی کوردستان و بێدەنگیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەروا بەردەوامە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕ، جارێکی تر، مۆرە و بەکرێگیراوانی تایبەت بە پیلانی کاولکاری و لەنێوبردنی ژینگە و سروشتی کوردستان، دەستی تاوانیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان درێژ کردەوە و ئەم جارەیان ئاگریان لە زەل و قامیشەکانی دەوروبەری گۆلی زرێبار لە شاری مەریوان بەرداوە، کە هیلانەی دەیان باڵندە و باڵداری جۆراوجۆر بووە و باڵندەکانیش بە هێلانەکانیانەوە سووتاون.
لەم پەیوەندییەشدا، لە ماوەی یەک دوو ڕۆژی ڕابردووشدا، دیسان ئاگری نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان بە چاوساغیی بەکرێگیراوان بەربووەتەوە سروشت و ژینگەی کوردستان لە گوندەکانی "بەیەڵە"، "کانی دینار" و ناوچەی هەورامانی سەربە شاری مەریوان و چەند هێکتار لە سروشت و ژینگە و دارستانەکانی ئەو ناوچانە سووتاون.
هەر لەم پەیوەندییەدا، جاشە خۆفرۆشەکانی ڕێژیم، جارێکی تر لە دەوروبەری شاری مەهاباد ئاگریان لە جاڕە گەنمەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو ناوچەیە بەرداوەتەوە و چەندین هێکتار لە جاڕە گەنمەکان سووتاون و ڕەنجی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەخەسار چووە.
هەروەها چڵکاوخۆرانی ڕێژیم لەو شارەدا، جارێکی تر دەستیان داوەتە بڕینی داری دارستانەکانی زاگرۆس و بە ماشینە بارهەڵگرە گەورەکان، بۆ شوێنە نادیارەکانی دەرەوەی کوردستانیان گواستووەتەوە.