کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێترۆشیمیی ئێران دەبێ گەمارۆی بخرێتە سەر

14:21 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شڕۆڤەکارێکی پلەبەرزی ئامریکایی وتوویەتی کاتی گەمارۆخستنە سەر پێترۆشیمیی ئێران گەیشتووە.

"مایک دۆبۆیتز"، کارناسی بەڕێوەبەری دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسییەکان و شڕۆڤەکاری پلەبەرزی پرسەکانی ئێران، وتوویەتی: ئامانجی داهاتوو لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، دەبێ گەمارۆ خستنەسەر پێترۆشیمیی ئێران بێت.

"بەڕێوبەری دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسییەکان" ڕۆژی چوارشەممە ٤ی بانەمەڕ، لە تویتێکدا باسی لەوە کردووە، کە بەرهەمەکانی پترۆشیمیی ئێران سەدا٣٢ی هەناردەکردنی غەیرە نەوتیی ئەو وڵاتە، بە بەهای ١٤ میلیارد دۆلار لە ساڵدا پێک دێنێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دەوڵەتی ئامریکا بە ئامانجی بە سفر گەیاندنی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، بڕیاری دا درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونە نەوتییەکان ڕابگرێت.

ئامریکا بەتەمایە بۆ پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئیزن بەچەند وڵاتێکی وەکوو چین، هێند، تورکیە و کورە باشوور بدات کە بەشێوەی سنووردار نەوتی ئێران هاوردە بکەن و بەم پێیە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ نزیک به  ٦٥٠ هەتا ٨٥٠ بەرمیل لە ڕۆژدا کەم بکاتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێشتر، دوو کۆمپانیای نەوتیی ژاپۆن، بە ناوەکانی "نەوت و وزەی نیپۆن" و "ئیدەت میتسۆ کۆسان"ڕایانگەیاند، کە نەوت لە ڕێژیمی ئێران ناکڕن و لە جیاتی ئێران لە وڵاتی عەمان دەیکڕن.