کوردستان میدیا

شەممه 3ی خاکەلێوه 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شاخ ڕێزیان لە ڕۆژی جیهانیی ژن گرت

11:33 - 17 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە چیاکانی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چیاکانی کوردستان ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ڕەشەمە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاخ، بە بۆنەی ٨ی مارس، مێزەگردێکی بەڕێوە برد.

سەرەتای ئەو ڕێورەسمە، بە ساتێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد، پاشان "بەهمەن دێهقان" فەرماندەی هێز، سەبارەت بە ڕۆژی ژن لە نێو حیزبدا کورتەوتەیەکی پێشکەش کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە لە سێ تەوەردا بەڕێوە چوو کە بریتین:

یەکەم تەوەرە: لە لایەن "کوردیار کەریمیـ"ـیەوە، بابەتێک لە بارەی کورتەمێژووی ٨ی مارس و کێشەی ژن لە جیهان و کوردستان پێشکەش کرا، کە نێوەڕۆکی ئەم بەشە ئەم بابەتانە بوون: (کورتەمێژووی بەفەرمیناسین ٨ی مارس، کێشەی ژنان لە جیهان و کوردستان، سێ کێشەی توندوتیژی، سەربەخۆییی ئابووری و بۆچوونە دۆگماکانی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی جیهان، باس لەسەر کێشەی ژنانی کوردستان و بەشداریی لاوازی ژنان لە بڕیار و بابەتە سیاسییەکاندا و خۆکوژی، خەتەنە، حیجابی زۆرەملێ و ...) بوو.

دووهەم تەوەر: بابەتێک لە بارەی فێمێنیزم و پێوەندی ئەو بزاڤە لەگەڵ نەتەوەگەرایی بوو، کە لە لایەن "سیروان شەریفیانـ"ـەوە پێشکەش کرا، کە (کورتەباسێک لەسەر بزاڤی فێمێنیزم و بەشە جیاوازەکانی و نەتەوەگەرایی و پێوەندی لەگەڵ  فێمێنیزم بوو و ناوبراو بە هێنانەوەی هەندێ بەڵگەی مێژوویی، پێوەندی ئەو دوو بزاڤەی بە پێویست و هاوتەریب زانی).

سێهەم تەوەر: بابەتێک لە لایەن "سیمین مەحموودتەختـیـ"ـیەوە، لە بارەی خوێندنەوەیەکی ژنانە لەسەر گۆتاری ڕاسان پێشکەش بە بەشداربووان کرا، کە (باس و خوێندنەوەیەک لە بارەی گوتاری ڕاسان، ڕۆڵی ژن لە ڕاسان و کردار و هەوڵەکانی حیزب لە پراکتیزەکردنی گوتاری ڕاسانی) لە خۆ گرت.

لە دوابڕگەی ئەم ڕێوڕەسمە، بەشداربووان بە کورتی ڕوانگەی خۆیان لەسەر ئەو  باس و بابەتانە پێشکەش کرد.