کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ڕۆژی ئاڵای کوردستانیان کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییانی هێژا، خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، هەر وەک ئاگادارن هەموو وڵاتێک خاون هێما و سەمبولگەلێکی نەتەوەیین کە لەلایەن خەڵکی خۆیانەوە پیرۆز و گرینگیی پێ دەدرێت و وەک پێناسەیەک لە شوناس و مەوجوودییەتی خۆیان دەزانن، نەتەوەی کوردیش گەر لە سەرەوەی ئەوانەوە نەبێت، هیچی لەوان کەمتر نییە.
نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژووی لە سەرووی هەموویانەوە "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، بە جوانترین شێوازی پڕ لە شانازیی خۆی، بۆ پاراستن و زیندوو هێشتنەوەی "ئاڵای پیرۆزی کوردستان''، '' وشەی پیرۆزی پێشمەرگە " و ''سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقێب" و ئەو بەها و سەمبولە نەتەوەییانە هەتا ئەمڕۆ دەرێغیی نکردووە و لە پێناویدا نرخی بۆ داوە و دەیشیدا.
هەر بۆیە جێگای خۆیەتی لە ڕۆژێکی وەک ٢٦ی سەرماوەز، ڕێز و سپاس و ئەمەگناسیی خۆمان ئاراستەی ئەو ڕۆڵە قارمان و ئازایانەی کە گیانی خۆیان فیدای خاکی پیرۆزی کوردستان کردووە بکەین.
ئێمەش وەک پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان جێژنی نەتەوەیی ٢٦ی سەرماوەز لە نەتەوەی کورد، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرجەم کادر و پێشمەرگە، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر و گەل و نیشتمان، پیرۆز دەکەین.
لە هەمان کاتدا پەیمانی وەفاداریی خۆمان بە ڕێبازی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکرات و شەهیدانی نەمر، دووپات دەکەینەوە.
٢٦ی سەرماوەزتان لێ پیرۆز بێت
سەرکەوتن بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان
٢٦ی سەرماوەزی ٢٧١٩ کوردی