پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هیچ خەباتێک بەبێ بەشداریی ژنان سەر ناکەوێت
لە ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ی هەتاویدا، یەکیەتیی ژنانی دێموکرات دامەزرا و هەر زوو دەستی بە کار و تێکۆشانی خۆی کرد. هاوکات "مینا خانمی قازی"وەک یەکەمین بەرپرسی ئەو ڕێکخراوەیە دیاری کرا.
لە سەروبەندی ئەو کات ورووژاندنی پرسی بەڕۆژەڤ کردنی ماف و هەقی مافخوازانەی ژنان لە کۆمەڵگای ئەو دەمدا، بەهۆی هەبوونی کولتوور و داب و نەریتی کۆن و دواکەوتووانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگا، چەند هێندە کاری ئەو کاتی قورس کردبوو؛ بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانە یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە هەوڵ و تێکۆشانی بێوەچان و ماندوونەناسانەی خۆی ڕانەوەستا. ئەو یەکیەتییە لە ڕاستای وشیاریی ژنان، کۆمەڵگا، کەمترکردنەوەی ڕادەی توندوتیژییەکان، پرسی ژن و گەڕانەوەی شکۆ و کەرامەت و پێگەی ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو و زێڕینی گیڕا.
بۆیە لێردا جێگەی خۆیەتی سپاس و پێزانینی خۆمان لەهەمبەر هەوڵ و تێکۆشانی دایک و خوشکانمان لە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز بنرخێنین و یادی ئەو ڕۆژە مەزن و مێژوویەیان لێ پیرۆز دەکەین.
سڵاو لە شکۆی نەمرانی شەهیدان
سڵاو لە دایک و خوشکانی کۆمەڵگای کوردەواری
سڵاو لە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەرز و شکۆدار بێت یادی ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان
٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩