کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ پەیامێکی پیرۆزباییان بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، ڕوو لە پێشمەرگەی شاخ بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پیرۆز بێت ڕۆژی پێشمەرگە.
ئاڵایەکی پیرۆز بە دەستی ڕێبەرێکی سەردەمییانە لە شارێکی پیرۆز وەک مەهاباد، کە بە خوێن و ماڵوێرانیی سەدان هەزار کەسی کورد و بە گیانفیدایی و لەدەستدانی گیان و ڕۆحی پاکی هەزاران لە خۆشەویستترین لاوەکانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بە بەڕێوەبردنی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بوونەتە هەوێنی پاراستنی کوردستان لەو چوار بەشەدا؛ دوژمنی سوێندخواردووی کورد نە بە فتوا و کوشتاری بەکۆمەڵ و ژینۆساید بە ناوی جەهادەوە و نە بە شیمیایی و ئەنفال و نە بە دەستدرێژی بۆ سەر کۆبانی و عەفرین نەیتوانیوە ئاڵای کوردستان کە بووەتە هەوێنی یەکگرتن و هیوا بەخشیی گەلی کورد لە دەستی پێشمەرگە بستێنێت.
هەر بەو بۆنەوە ئێمە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، ڕۆژی ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە لە هەموو گەلی کورد و بە تایبەت لە پێشمەرگەکانی شار و شاخی حیزبی دێموکرات پیرۆز دەکەین.