
بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچەکانی ''بۆکان، نەغەدە، مەهاباد، چۆمی مەجیدخان، مەریوان، دیواندەرە، سنە، سەقز، شنۆ، سەردەشت، پیرانشار، جوانڕۆ و داڵاهۆ'' بەر بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند و جەختیان کردەوە کە پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە و ڕەمزی خۆڕاگریی نەتەوەی کوردە و لەسەر دڕێژەدانی ڕێبازی پێشمەرگە و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان پێداگرییان کردەوە.
هەر بەو بۆنەوە لە شاری نەغەدەی کوردپەروەر و دێموکرات، ئەندامانی دڵسۆزی حیزب بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە و هەروەها وەفاداری بۆ شەهید ''قادر کەریمی'' و هەموو شەهیدانی کوردستان لە فەلەکەی محەممەد ئەوراز ئاڵای کوردستانیان هەڵ کرد و ڕۆژی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند، هەروەها لە گوندی کۆیکان و سەر ڕێگای قارنێ تێکۆشەرانی دێموکرات چالاکییەکی بەربڵاویان بەڕێوە برد و بە داگیرکەرانیان سەلماند کە بوونی پێشمەرگە و پشتیوانیی خەڵک، کوردستانی خۆڕاگر و زیندوو ڕاگرتووە.
لە مەهابادی لانکی دێموکراتەوە، ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە لە بەنداوی مەهاباد، پارکی میکائیل، بورجی توتنچی و سەری مەیدانان لە گوندەکانی خەلیفە، برایمە و دێبوکر، هەروەها لە ناوچەی شاروێران لە گوندەکانی قجی ئاوا، گابازەڵە و قەرەداغ، ڕێزیان لە ڕۆژی پێشمەرگە گرت و دووبارە جەختیان کردەوە کە پێشمەرگە لەنێو دڵی خەڵکی کوردستانە.
ئەندامانی تیکۆشەری دێموکرات لە شاری مەریوانی دوازدە سوارەوە بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری حیزبی ڕۆژی پێشمەرگەیان بەرز و پیرۆز نرخاند.
هەر بەوە بۆنەوە ڕۆڵە بوێرەکان و هەردەم لە سەنگەری تێکۆشان لە شاری سەقزی سەربەرز بە بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز و لۆگۆی هێزی پێشمەرگە ڕۆژی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند و سووربوونی خۆیان لەسەر ڕێبازی پیرۆزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
بەو بۆنەوە لە شاری بۆکانی هەمیشە دێموکرات پێشمەرگەکانی شار لە شوێنەکانی وەک: ''گڵکۆ و پارکی حەسەن زیرەک و گڵکۆی قالەمەڕە، پردی میراوا، شەقام و کۆڵانەکانی وەحدەت، مەدرەسەکانی باغی فەرهەنگی میراوا، گەڕەکی کۆلتەپە، فەرهەنگیان و شەهرەکی نیروی ئینتزامی، بلواری مامۆستا هەژار، جادە حەسار، مەدرەسەی شەهامەت و کۆڵانەکانی و ئاوایی گۆێکتەپەی قەرەمووسالی لە قوتابخانەی سەرەتایی عەوڵا عەجەمی، مزگەوتی نێو ئاوایی و هەروەها لە جادەی حەسار و لە کۆڵانەکانی شیلانی ١٧ و ١٨" لە چالاکییەکی بەربڵاودا شکۆیان بە ٢٦ی سەرماوەز بەخشی.
هەروەها پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان لە ئاواییەکانی سەر بە شاری سەقزیش چالاکیی بەربڵاویان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز بەڕێوە برد.
ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بەریتین لە: "تەواوی تابلۆی ڕێگاوبانەکانی کەلی وەنەوشە، نێوان ئاواییەکانی مەرخوز و قشلاق، ئاوایی کۆندەڵان، کوێرەگوێز، تایربوغە، بۆبەکتان، جادەکانی گوێزێ و کانی بەند، مەنبەعی ئاوی شێخ چۆپان، بەرزاییەکانی کونە پەنیر و یاسەمەن، ڕێگای نێوان گەورکایەتی سەقز و بۆکان".
لە دیواندەرە یخۆڕاگرەوە تێکۆشەرانی دێموکرات لەنێو شار لەسەر دیواری ئیتڵاعات و لە ناوچەی ساراڵ لە گوندەکانی ''بەردەڕەش، هەیبەت ئاوا و تازاوای کۆن'' بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی خۆشەویستیی و شکۆی پێشمەرگەیان لەنێو خەڵکدا بە دوژمنانی گەل سەلماندەوە.
هاوکات لە شاری بانەی ئارباباوە ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە دەروروبەری شارەدەێی ''ئارمردە، شاخەکانی دەوروبەری نزیک تاژان، ڕەزپیر، سێڕای برینجاڕ و جادەی گەرماو'' بە نووسینی دروشم و ئاڵای کوردستان ڕۆژی پێشمەرگەیان پیرۆز ڕاگرت.
لە شاری سەردەشت قارامانانەوە تیکۆشەرانی دێموکرات لە ڕێگای ''سێپەکان، ڕێگای بێلۆکێ، جادەی ئاڵوەتان و دیژبانی کۆڵەسە، شیرکەتی گازی میراوێ، ترمینال، مزگەوتی بازار، دیژبانیی سپا'' بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا و پشتیوانیی خۆیان لە پێشمەرگە دووپات کردەوە.
لە شاری داڵاهۆی کرماشان، تیکۆشەرانی دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئارمی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان کرد و وەفاداریی خۆیان بە گەل و نیشتمان کە پێشمەرگە گیانفیدایەتیی نیشان داوە.
لە شاری سنەی خوێناوی پێشمەرگەکانی شار لەنێو شار لە گەڕەکی فەراحی و چواڕێیانی چوار باخ و شاخی ئاویەر و هەروەها لە ئاوایی نییەری پێشمەرگەپەروەر بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی، ڕۆژی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند و لە پەیامێکدا پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ پێشمەرگەکانی شاخ نوێ کردەوە.
هاوکات لە شاری شوێشە و ناوچەی کڵاتەرزانی سنە لەلایەن قارەمانانی دێموکرات چالاکیی تەبلیغی بە شێوەی بەربڵاو بەڕێوە چوو.
ئەو شوێنانە کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''نێو شاری شوێشە، بلواری قاسملوو، شەقامی ئاویەر، شەقامی مەولەوی، پارکی مناڵانی وەرزشی مەحمودخان، کۆڵان بە کۆڵانی ناو شاری شوێشە، گوندەکانی خرۆسە، تازاوا، عیسیاوا، بزان، کەڵاتێ، توار مەڵا، عەلی ئاوا، جادەی شوێشە بۆ سنە و جادەی سنە بۆ مەریوان".
هەروەها لە شاری پیرانشاری سەربەرزەوە لە ''سەرۆکانی و گوندی مێشە دێ'' ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز بەرز ڕاگیرا و ئەندمانی حیزبی دیموکرات بە شێوەیەکی بەربڵاو تراکت و پۆستێری حیزبیان بڵاو کردەوە.
هەر بەو بۆنەوە لە شاری شنۆی دێموکراتەوە ڕۆڵە چاونەترسەکانی دێموکرات لە چالاکییەکی بەربڵاودا ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.