کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس لە چیاکانی کوردستان سێمینارێکیان بەڕێوە برد

17:46 - 17 رەشەمه 2720

بەشی پەروەردەی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن سێمینارێکی بەڕێوە برد.

سێمینارەکە سەرەتا بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

ئەم سێمینارە لەسەر سێ تەوەری ژنان لە ئاستی جیهان، ئێران و ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا ''دڵنیا وەیسی'' پێشمەرگەی کوردستان، یەکەمین چەخماخەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژنانی لە جیهاندا هێنایە بەر باس.

ناوبراو باسێکی لەسەر مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی و ئەو هەڵاواردانانەی کە لە ژن کراوە، پێشکەش کرد و وتی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەڵاواردنانە دەبێ ئاڵوگۆڕ لە هزرەکاندا ڕوو بدات و ڕەوتی مرۆڤدۆستی لە بەرەکانی داهاتوودا پەرەی پێ بدرێت.

لەو سێمینارەدا ''شاهۆ ڕاوک'' پێشمەرگەی کوردستان، لەسەر پرسی ژنان لە ئێران باسی لەوە کرد، لە ئێران ژنان لەگەڵ دوو سیستەم  بەرەوڕوون، یەکەم سیستەمێکی دیکتاتۆری، دووەم سیستەمی بەڕێوەبەری عەشیرەیی، بنەماڵەیی و ئایینی.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە لەژێر سیستەمی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران ژنان بە جنسی ژێردەست دێنە ئەژمار و بە شێوەی کولتووری ١٤٠٠ ساڵ لەمەو پێش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت،  سیستەمی دەسەڵاتدار لە ئێران توانای گۆڕانکاریی نییە، بەڵکوو لەسەر ئەو یاساگەلە پێداگری دەکات کە لە یاسای بنەڕەتیدا هاتووە.

هەروەها ''سەیران مەحموودپوور'' پێشمەرگەی کوردستان، باسێکی لەسەر مەرجی سەرەکیی بەهێزکردنی خەباتی یەکسانیخوازیی ژنی کورد و خۆ ڕێکخستن لە خەباتی نوێی ڕاسان، لە شار و شاخ و تاراوگەدا، پێشکەش کرد.

ناوبراو لەمبارەوە وتی: ''بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان و ئاراستەکردنی خەبات لە بەرژەوەندیی داخوازییەکانی ژنانی کوردستان، ڕاسان ئەم پانتاییەی دروست کردووە کە تەنیا لە گوتارێکی حیزبی خۆی وێنا ناکات، بەڵکوو کۆمەلگای کوردستان بەتەواوی پێکهاتەکەی جەوهەری ئەم گوتارەیە کە ژنی کورد وەکوو بەشی گرینگی ئەم پێکهاتەیەیە".

بەشی کۆتایی  سێمینارەکە تەرخان کرابوو بە پرسیار و ڕا و بۆچوونی بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لەلایەن کوڕگێرانی ئەو سێمینارەوە.