کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات میداڵی زێڕی زۆرانبازیی باکووری عێراقی بەدەستهێنا

16:06 - 16 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: هێرش ئەمجەدی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە کێبڕکێی زۆرانبازیی باکووری عێراق کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێرش ئەمجەدی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کێبڕکێی زۆرانبازی لە شاری سلێمانی کە لە ئاستی باکووری عێراقدا بەڕێوەدەچوو، بەشداری کرد.

دوای ٥ رۆژ کێبڕکێ نێوان یاریزانەکاندا، هێرش ئەمجەدی لە کێشی ٨٦ کیلۆدا دوای بردنەوە لە ٥ زۆرانباز توانی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت.

هێرش ئەمجەدی پاش بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و بردنەوەی میداڵی زێڕی ئەم کێبڕکێیانە وەک یاریزانی یەکەمی باکووری عێراق بۆ بەشداریکردن لە ئۆردووی تیمی میللی عێراق بانگهێشت کرا.

11583.jpg
هێرش ئەمجەدی

کێبڕکێی زۆرانبازی لە ئاستی باکووری عێراق ساڵانە بەڕێوەدەچێت.

لە کێبڕکێیەکانی ئەمساڵدا، ٩ تیمی زۆرانبازیی هەرێمی کوردستان و مووسڵ و نەینەوا و هەروەها تیمێکی بەغدایش (باکووری بەغدا) بەشدارییان کردبوو.

هێرش ئەمجەدی، لەدایک‌بووی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شاری سنەیە و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا وەرزشی زۆرانبازی دەست پێکردووە.
ئەم زۆرانبازە کوردە تاکوو ئێستا لەچەندین کێبڕکێی لە ئاستی ئێراندا بەشداری کردووە و توانیویە چەندین میداڵ بەدەست بێنێت.

ئەمجەدی لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی پەیوەست بووە بە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و پاش ئەوەی کە بووە بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، وەرزشی زۆرانبازی درێژە پێداوە.

ئەم پێشمەرگەیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوییەوە لە کێبڕکێیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەشداری کردووە و لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا چەندین میداڵی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەستهێناوە.