کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا

22:44 - 10 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: عەزیز گوڵستانە (بزندا) کوڕی جەعفەر پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران، گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، عەزیز گوڵستانە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات خەڵکی گوندی \'\'نەروی\'\'ی سەربە بەخشی نەوسوود، رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کاتی رۆیشتنەوە بۆ ماڵی خۆی لە بەرزاییەکانی گوندی زاوەر لە شوێنێک بە ناوی \'\'کەمەرمامۆڵە\'\' بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا.

کەمەرمامۆڵە لە سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراقدا مێن‌ڕێژ کراوە.

عەزیز گوڵستانە، خەڵکی گوندی \'\'نەروی\'\' ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا پەیوەست بە ریزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو و لە هێزی شاهۆدا سازمان درا.

ناوبراو ئەرکی حیزبی پێسپێردراوی خۆی زۆر بە باشی بەجێ دەگەیاند و دژ بە پیلانی هێزەکانی رێژیم لە ناوچەکەدا چالاکی دەکرد و لە هەموو بەرەکانی شەڕدا قارەمانییەتی خۆی دەنواند.

کاک عەزیز ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لەسەر دوای خۆی و ئیزنی حیزبی دێموکرات گەڕایەوە نیوخۆی کوردستان و بەرپرسیارەتیی بنەماڵەکەی وەئەستۆ گرت و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی بە رێبازی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە.