کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرین لە شنۆ کۆچی دوایی کرد

16:33 - 7 رەزبەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەر پێشمەرگەی دێرین و وەفادار بە ڕێگە و ڕێبازی دێموکرات کاک "محەممەد تەبلیغی" خەڵکی گوندی "ئاسناوێ" بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک "محەممەد" لە سەرەتای شۆڕش وەک لاوێکی شۆڕشگێڕ ئۆگری کوردایەتی لە ڕێگای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە بوو. ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە ھێزی "سمکۆ"دا چەکی شەرەف و بەرگریی کردە شانی.

 لە سازماندەیی نوێ لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە ھێزی "کێلەشین" وەک جێگری پەل و دواتر بەھۆی ئازایەتی و لێھاتوویی وەک فەرماندەری پەل لە لکی ٢ی ھێزی کێلەشین دیاری کراوە.

ساڵی ٦٧ لەسەر ئیزنی کۆمیتە شارستان و ھێز گەڕایەوە بۆ نێو بنەماڵەکەی و ژیانی ئاسایی دەست پێ کرد. کاک "محەممەد" وەک کەسێکی شۆڕشگێر وازی لە کاری حیزبی نەھێنا و هەمیشە لە ناوچەدا ھاوکار و ڕێنوێنی کادر و پێشمەرگەکانی کۆمیتەی شنۆ و ھێزی کێلەشین بووە.

ناوبراو ھەتا مردنی کەسێکی وفادار بە بیر و باوەڕ بە حیزب و گەلەکەی بوو.

بەھۆی ئۆگری بە حیزبەکەی چەندین جار لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم گیرا و لێپچینەوەی لێ کرا.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.