کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرین ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:00 - 25 رێبەندان 2720

میرزا "محەممەد قاسمی" پێشمەرگەیەکی دێرینی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی پینجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندان میرزا "محەممەد قاسمی" خەڵکی گۆندی "نێرگی" لە ناوچەی "مەرگەوەڕ" سەر ئورمیە، دانیشتووی شاری "دیانا" لە کوردستانی باشوو بە هۆی ڕووداوێکی نەخوازراو ماڵاوایی لە ژیان کرد.

میرزا "محەممەد" لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دیاری ناوچەی "مەرگەوەڕ" و برای پێشمەرگەی قارەمان شەهید "ئەحمەد قاسمیـ"ـیە.

میرزا "محەممەد" لە هاوینی ساڵی ۱۳٦۷ هەتاوی، پەیوەست بووە بە ڕێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە هێزی "ئاگری" سازمان درا.

دوای تەواوکردنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لە فێرگەی حیزب، ماوەیەک لە بنکەی پێوەندییەکانی حیزب لە شاری "سلێمانی" ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆی بەڕێوە برد و دواتر گەڕایەوە هێزی "ئاگری".

ناوبراو ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لەگەڵ ٥ پێشمەرگەی دیکەی حیزب لە ناچەی "گەلی ئاسەنگران" لە ورمێ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم تووشی شەڕ بوون.

لەو شەڕەدا کاک "حوسێن ستوەت و کاک "محەممەد ساڵح شاهین" شەهید بوون. هەروەها مامۆستا مەلا "جاسم ئیسماعیلی"، کاک "ئەیووب جانگیری" ،کاک "عوسمان مستەفا پوور" و کاک "میرزا محەممەد قاسمی" کەوتنە دەستی هێزەکانی ڕێژیمی ئاخۆندی.

مامۆستا مەلا "جاسم و کاک "ئەیووب" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئێعدام کران.

هاورێ میرزا "محەممەد" بۆ ماوەی ٨ ساڵ بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کرا و دواتر لە زیندان ئازاد کرا و کاک "عوسمانـ"ـیش دوایی ۲٨ ساڵ ئازاد بوو.

دوای ئازادبوون، میرزا محەممەد دووبارە خۆی گەیاندەوە ناو ڕێزی تێکۆشەرانی دێموکرات و لە کۆمیسیونی ڕاگەیاندن کاری پێ ئەسپێردرا.

ناوبرا بۆ ماوەیەک لە شاری "وان" لە کوردستانی باکوور نیشتەجێ دەبێت و دواتر دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان وەک شاخەوانێکی بە توانا کار دەکات لەو ماوەیەدا چەندین خەڵاتی وەرگرت.

تەرمی ناوبراو لە شاری "دیانا" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.