کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەی قوربانیی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران ماڵاوایی لە ژیان کرد

16:21 - 25 رێبەندان 2720

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندان کاک "جەمیل عوزێیری" کوڕی "شەڕافەت و و ئەحمەد"لە وڵاتی سوئید کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ساڵێ ١٣٥١ی هەتاوی لەدایک بووە.

ناوبراو  پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری "فاڵۆن" لە وڵاتی سوئید بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

کاک جەمیل ساڵی ١٣٧٣ـی هه‌تاوى هاتووەتە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ١ و چەکی پێشمەرگایەتی لەشان کرد.

ناوبراو پێشمەرگەیەکی بە نەزم دسپلین بوو و هه‌رده‌م ئاماده‌ى وه‌رگرتنى سه‌رجه‌م ئه‌رک و ڕاسپارده‌ىكانى حیزب بوو و بەوپەڕی دڵپاکی کارەکانی بە ئەنجام دەگەیاند.

ساڵی ١٣٧٥ واتە کاتێک کۆمیتەی شارستانی "سنە" ئاشپەز و کۆمەک ئاشپەزی بۆ چێشتخانه‌ى مەقەڕ دیاری کرد، کۆمیتە داوای لە بەشی نیزامی کرد کە کۆمەک ئاشپەزێک بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دابین بكه‌ن كه‌ له‌ ئه‌نجامدا کەسێکیان بەناوی "یه‌دوڵڵا به‌رازندە" خەڵکی سنە بۆ ئه‌و كاره‌ دەستنیشان کرد.

"یەدوڵڵا" بە هاوکاریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا چێشتی پێشمەرگەکان بە ژەهری "سالیۆم" ژەهراوی دەکات و زیاتر لە ١١٠ پێشمەرگە بەهۆی چێشتەکە ژەهراوی دەبن.

لەو ڕۆژێک دواتر، واته‌ ٢٨ی ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٧٥، ھاوڕێیه‌ک بەناوی کاک"محەممەد ساعیدپه‌نا'' بەهۆی ئەو ژەهرە کتوپڕ گیانی لەدەست دەدات و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت.

 هاوکات کاک "جەمیل عوزێیری" یەکێک لەو پێشمەرگانەیە کە بەهۆی ژەهراویبوونی دەبێتە به‌ قوربانیی ئه‌م جینایه‌ته‌ تێرۆریستییه‌ی ڕێژیمی ئێران.
دواتر ناوبراو لە  هاوینی ساڵی ٢٠٠٣ دەرواتە وڵاتی سوئید و لە شاری "بۆرلیینگە" نیشتەجێ بوو.

کاک جەمیل کەسێکی چالاک و ڕوح سووک بوو، هەمیشە لە کار و چالاکیی کۆمیتە بەشدار بوو. هەر بەهۆی دڵسۆزی و پاکیی کاک "جەمیل" لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ دەسته‌ی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی "یەکیەتیی کوردان" دیاری کرا و تا نه‌خۆشییه‌كه‌ مۆڵه‌تی پێدا واته ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر ئەرکی خۆی بەردەوام بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ده‌ربڕینی خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی؛ سەرخۆشی لە خزم کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.